٢ قوتابیی کورد تەندیسی زێڕیان لە مەجارستان وەرگرت

14:29 - 11 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ٢ قوتابیی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆکان و مەهاباد توانییان تەندیسی زێڕ لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی \"نیگارکێشیی منداڵانی نەخۆش\" لە بوداپێستی مەجارستان وەربگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ تریفە مەحمودکاکی ١٤ ساڵ خەڵکی مەهاباد و ئێلینا ئەلیاسی، ٩ ساڵان و خەڵکی بۆکان توانییان لە ٢ دەستەی تەمەنیدا و لە دووهەمین خولی ئەم کێبڕکێ نێونەتەوەییەدا سەرکەوتن وەدەست بێنن و تەندیسی زێڕی ئەم کێبڕکێیانە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن.

لەم فێستیڤاڵەدا ١٣٠٠ بەرهەم لە ٢٤ وڵاتی جیهانەوە بەشدار بوون کە تێیدا ١٢ بەرهەم توانییان سەرکەوتن وەدەست بێنن.

ئەم فێستیڤاڵە بەشێوەی ساڵانە بۆ ئەو منداڵانە بەڕێوە دەچێت کە تووشی نەخۆشینێکی درێژخایەن بوونەتەوە یان ئەزموونی مانەوەی زۆر لە نەخۆشخانەیان هەیە؛ مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەش هاندانی ئەم کەسانە بۆ بەربەرەکانێ کردن لەگەڵ نەخۆشییەکەیان و هیواداربوون بە داهاتووە.