٤ قوتابیی بۆكانی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بوونە قوربانی

15:11 - 30 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: بە هۆی رووداوێكی هاتوچۆ لە سەر رێگای بۆكان ـ میاندواو قوتابییەکی کورد هاوڕێ لەگەڵ شۆفیر پەیکانێک گیانی لەدەست دا و سێ قوتابیی‌دیكەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ٢٧ی سەرماوەز لە ئەنجامی پێکدادانی دوو دەزگا ماشێنی جۆری پەیكان و خاوەری بارهەڵگر لەسەر رێگای بۆكان ـ میاندواو لە پێچێکی سەر رێگەی ئاوایی \"مەڵالەر\" شۆفیری پەیکانەکە بەناوی ئەسعەد عەزیزی تەمەن ٣٨ ساڵ و قوتابییەکیش بەناوی \"محەممەد ئارازی\" دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.

لەئەنجامی ئەو پێكدادانەدا سێ قوتابیی دیکەش بەناوەکانی ئامانج حەیدەری، میلاد ئارازی و بێهزاد عەزیزی لە رووداوەدا بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکانی دیکەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کراون.

دەگوترێت کە سەرجەمی ئەو پێنج‌کەسە دانیشتووی گوندی سەرچناری سەربe ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوون کە ئەو قوتابییانە بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان روویان لە شاری مەهاباد کردبوو.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە چەند ساڵ پێش ئێستا بڕیار بوو قوتابخانەیەکی قۆناغی دواناوەندی لەو گوندە ساز بکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە تێچووی قوتابخانەکە لەلایەن خەڵکی ئەو گوندەوە کۆکرایەوە و رادەستی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردەی میاندواو کرا، هەتا ئێستا نە تەنیا چارەنووسی ئەو پارەیە دیار نییە، قوتابخانەش بۆ ئەو گوندە دروست نەکراوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش دوو هاووڵاتیی دیكەی كورد لە \"پێچی مەڵالەر\" بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دابوو.

بەوتەی كارناسان، بەرتەسک بوونی جادەكان، ناستانداردیی ماشێنەكان و گوێ‌نەدانی شۆفیرەكان بە هێماكان لەهۆكارە سەرەكییەكانی رووداوی هاتوچۆ لەئێرانن.