قوتابیانی شیناوێ بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ئورووپا ناکرێن

22:32 - 21 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لێدوانەکانی نوێنەری مەجلیس لە شاری پیرانشار سەبارەت بە بەرێکردنی قوتابیانی شیناوێ بۆ ئورووپا لە لایەن وەزیری بێهداشتەوە ڕەت کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەزیری بێهداشت، دەرمان و بارهێنانی پزیشکی نیسبەت بە لێدوانەکەی ڕەسووڵ خزری کە حەتووی پێشوو گوتبووی، قوتابیانی شیناوێ بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانە وڵاتانی ئورووپایی دەکرێن بێ‌ئاگایی خۆی دەربڕیووە.

حوسێن هاشمی لە دژکردەوەیەکدا سەبارەت به بانگەشەی نوێنەری مەجلیس لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار گوتبووی: \"نابێت لە خۆمانەوە لێدوان بدەین و منداڵەکان لە خۆبایی بن\".

لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی \"جوان\" لە ڕاپۆرتێکدا که لە سەر بارودۆخی کچە قوتابییەکانی شیناوێ بڵاوی کردبووە، کە بڕیاری سەرەکی بۆ چارەسەری و دەوا و دەرمانکردنی ئەو قوتابیانیه لە لایەن \"تیمی پزیشکیەوە\" دەدەرێت.

وەزیری بێهداشتی دەوڵەتی ڕوحانی بە شێوەی زارەکی ئاماژەی بە مەسەلەی عەباس کیا ڕۆستمی کرد و گوتی، چوونە دەرەوە لە بەرژەوەندیی کەس دا نیە و ئەزموونی تاڵی ئەم دوایانە نیشانەی ڕاستی ئەو ئیدعایەیە.

لێدوانە دژ بە یەکەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا بووەتە سەردێڕی هەواڵی هەواڵدەرییەکان کە کچەکان خۆیان له ڕەوتی دەرمان لە ناوەندەکانی دەرمانی بە توندی \"نیگەران و ناڕازین\".

دەوترێ، کە دەوڵەت تەنانەت تێچووی جل‌وبەرگی ئەو قوتابیانەی لە یەک ساڵی ڕابردوودا نەداوە.

لە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانە لە گوندی شیناوێی شاری پیرانشار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، زیاتر لە ٢٩ کچ تووشی سووتاوی لە نێوان ٢٥هەتا ٧٥ % بوون، کە دوو کەسیان بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست دا.

ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی شیناوێ، ئاکامی نەخوازراوی ڕوحی و کۆمەڵایەتی بۆ بریندارەکان، ئەندامانی بنەماڵە و خەڵکی گوندی شیناوێ دروست کردووە.