٣٦ قوتابی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار تووشی رووداوی سووتان بوون

14:37 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی گوندێکی سەر بە شاری پیرانشار ٣٦ قوتابی تووشی سووتان بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی قوتابخانەی \"ئینقلابی ئیسلامی\" لە گوندی \"شیناوێ\"ی سەر بە شاری پیرانسار ٣٦ قوتابیی کچی ئەو گوندە تووشی رووداوی ئاگر بوون.

\"10037.jpg\"
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: سەرجەمی ئەو قوتابییانە پۆلی ٤ی سەرەتایی بوون کە بەهۆی داخرانی دەرگای پۆلەکەیان هەر ٣٦ کەسەکەیان بەتوندی تووشی سووتان هاتوون و لەبەر قووڵی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کراون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە ١٠ کەس لەو قوتابیانە باری تەندرووستیان زۆر خراپە و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراون کە ٥٠%ــەدی لەشیان تووشی سووتان بووە.

بنەماڵە کەس و کاری ئەو منداڵە سووتاوانە لەبەر دەرگای نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان بە دۆخی ئەو قوتابخانەیە دەربڕێوە.