قوتابخانەیەکی ناوچەی ورمێ بەهۆی تەقینەوە لە ئاگردا سووتا

16:48 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رووداوێکی دیکەی سووتانی قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران بەهۆی ناستانداردیی کەرەسە گازی و نەوتییەکانەوە، قوتابخانەی دواناوەندیی گوندێکی ناوچەی \"بارادێز\"ی ورمێ بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز، لە ئاگردا سووتا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەهۆی ناستانداریی کەپسوولی گازی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی \"موتەهەری (مُطهری)\"ی گوندی تورکمان لە ناوچەی باراندێزی سەربە شاری ورمێ، قوتابخانەکە ئاگری تێبەربوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ رایگەیاند؛ ئەو رووداوە کاتژمێر ٩ و نیوی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە هاتۆتە ئاراوە، کە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتۆتەوە.

دەگوترێت، لەو رووداوەدا ٢ کەپسوولی گاز تەقیونەتەوە، کە قوتابخانەکە لە ئاگردا سووتاوە و بینای قوتابخانەکەش بەتەواوەتی تێک‌ڕووخاوە.

لە وەرزی زستانی ساڵی رابردوودا، چەندین قوتابخانەی گوندی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی ناستانداردیی کەرسە گەرماییەکانەوە لە ئاگردا سووتان، بەڵام هیچ‌کام لە هەواڵی سووتانی ئەو قوتابخانانەکان لە میدیا حکوومەتییەکان بڵاو نەبوویەوە.

رێکەوتی رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی سالی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا، قوتابخانەی گوندی نێبن، لە ناوچەی \"باراندێز\"‌ی ورمێ بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتییەوە ئاگری تێبەربوو، کە بەو هۆیەوە بینای قوتابخانەکە تێک رووخا.

هەروەها قوتابخانەی گوندی \"خەرمان یەری\" لە شاری ماکۆ و قوتابخانەی گوندی کەرێزەی شێخان لە شاری مەهاباد، ئەو قوتابخانانە بوون، کە زستانی سالی رابردوو، بەهۆی ئاگرتێبەربوونی سۆبەی نەوتیی ناستاندارد لە ئاگردا سووتان.

مانگی سەرماوەزی ساڵی٩١‌یش قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"ی پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتی ئاگری گرت و لەئەنجامی ئەو رووداوەدا، ٢ كچە قوتابیی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی دیكەش بە توندی تووشی سووتان هاتن.