٦ قوتابخانەی کانێکسی لە شاری دێولان بوونیان هەیە

14:47 - 29 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی ٦ گوندی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە خوێندنگە کانێکسییەکاندا دەرس دەخوێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمی فەزای پێویست یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی قوتابخانەی ٦ گوندی شاری دێولانە کە قوتابیانی ئەو ٦ گوندە لە کانکێکسەکان دەخوێنن.

پەرتووکاوبوونی قوتابخانەکانی ٦ گوندی دێولان و نەبوونی فەزای گونجاو بۆ بارهێنانی قوتابیانی ئەو گوندانە، قوتابیانی ناچار کردووە وانە دەرسییەکانیان لە کانێکسکان بخوێنن.

سەرەڕای ئەوەیکە بینای قوتابخانەکانی ئەو ٦ گوندە بە هۆی پەرتووکاوی و نەبوونی فەزای پێویست بۆ پەروەردە کردنی قوتابیان بێ کەڵک ماوەتەوە، هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ نەگرتووە.

قوتابخانە \"پەرتووکاو\"ـەکان بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەورەدە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەژمار دەکرێت.

بەپێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریکردن و دابین کردنی کەلووپەلی ستانداردی پەروەردە بە مەبەستی داهێنان لە شێوازەکانی پەروەردەدا بە یەکێک لە ئەرکەکانی رێکخراوی توێژینەوە و پلان‌ڕێژیی پەروەردە دادەندرێت.