٣٩ قوتابخانەی شاری سەقز لە حاڵی ڕووخانن

20:04 - 19 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ٣٩ قوتابخانەی شاری سەقز لە حاڵی ڕووخاندن دان و ٢٥ قوتابخانەی دیکە بەکەڵکی وانەوتنەوە نایەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣٩ قوتابخانەی ڕووخاو لە شاری سەقز بوونی هەیە و بە وتەی بەرێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە \"زیاتر لە ١٠ هەزار قوتابی لە ئاستی ئەو شارە لەو قوتابخانە کۆن و پتورکاواندا، دەخوێنن\".

بەپێی ئەو ئامارە، قوتابخانەکانی \"کچانەی شاهد\" و کار دانیشی ئازادی\"، حوکمی ڕووخاندنیان ڕاگەیەندراوە، بەڵام هەنووکە خاڵی نەکراون و هەروەها قوتابخانەکانی تەربیەتی کۆن، خالید ئیستامبوڵی کۆن و وەحدەتی کۆن\"، چۆڵ کراون، بەڵام نەڕووخێندراون.

لە کۆی ئەو ئامارە، ٣٤ قوتابخانەی کۆن و پتورکاوی شاری سەقز، تایبەتە بە گوندەکان و تەمەنی ١٣ قوتابخانەی سەرەتایی، ٧ دواناندی یەکەم و ٢ دواناوەندی دووهەم و ٣ قوتابخانەی فەنی کۆتایی پێی هاتووە.

لەم ماوەی دواییەدا، \"ڕەنگەڕێژان، بەیک ئویسی، قشلاق پل، کانی جەشنی، میتو، خیدر و ئاخکەندی\" لە لایەن خێرخوازانە دروست کراون.

مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\"، ڕایگەیاندبوو: \"بەداخەوە ٢٣٧ قوتابخانەی پارێزگای سنە مەترسیدار و لە حاڵی ڕووخاندان، کە بارودۆخی ئەو قوتابخانانە باش نییە و پێویستە پارەیەکی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە، تەرخان بکرێت.\"

بەرێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە ڕاگەیاند: \"زیاتر لە ٢٨٧٥ قوتابخانەی لەو پارێزگایە بوونیان هەیە کە سەدا ٣٠ی ئەو قوتابخانانە، ناستاندارن.\"