١١٢ قوتابخانە لە سنە ناستانداردن

11:00 - 18 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ١١٢ قوتابخانەی ناستاندارد لە پارێزگای سنەدا هەن کە بە وتەی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە ئەو قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی "تەسنیم" بڵاوی کردووتەوە کە ١١٢ قوتابخانەی پارێزگای سنە، فەزای ناستانداردیان هەیە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

 بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، نۆژەنکردنەوەی ١٣٠ قوتابخانە کە بە بەرد سازکراون پێویستی بە ١١٧ میلیارد تەمەن بوودجە هەیە.

 جێگری پەرەپێدانی بەڕێوەبەریی پشتیوانی لە  پەروەردە ڕایگەیاند: لە شارەکی بەهارانی سنە، پێویستە ٩ قوتابخانە بۆ دانیشتووانی بیناکانی مەسکەنی مێهر درووست بکرێت.

 لە کۆی ٥١ هەزار و ٣١٤ کەس لە حەشیمەتی دانیشتووی لەو پارێزگایە ١٠ هەزار و ٦٢ کەسیان قوتابین کە ئەو ڕێژەیەش ٢١ قوتابخانە و ٤١٠ پۆلی خوێندنیان پێویستە.

بە وتەی "نیزام مورادی" جێگری پەرەپێدانی کارگیڕیی پەروەردەی پارێزگای سنە، لەو ٤١٠ پۆلە تەنیا ٢٤ پۆلی وانەوتنەوە درووست کراوە و لە بەڕێوەبردنی ئەم یاسایەدا کێشەیان هەیە.