قامچی لێدان لە پێنج لاوی کورد بە تاوانی رۆژوو نەگرتن

15:00 - 30 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: پێنج لاوی خەڵکی کرماشان بەهۆی ئەوەیکە \"بە رۆژوو نەبوون\" لە بەر چاوی خەڵک قامچییان لێدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج لاوی کوردی خەڵکی کرماشان کە تۆمەتی رۆژوو نەگرتنیان درابوویە پاڵ، حوکمی ٧٠ زەربە قامچییان بەسەردا جێبەجێ کرا.

ئەم حوکمە بەپێی یاسای سزادانی ئسلامی جێبەجێ کراوە، کە بەو پێیە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی حەرام لە بەر چاوی خەلک \"تاوانی دیتن\" لە قەڵەم ئەدرێت.

شوناسی ئەو پێنج لاوە کوردە هەتا ئیستا روون نەبۆتەوە، بەڵام بەپێی هەواڵی \"ئیلنا\" ئەو حوکمە پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو لە چوار شوێنی شاری کرماشان جێبەجێ کراوە.

پێشتریش هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان هەواڵی هاوشێوەیان بڵاو کردبوویەوە، کە دوو کەس لە شیراز بەهۆی رۆژوو نەگرتنەوە ٨٠ زەربە قامچییان لێدرابوو.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ناچار کردنی هاووڵاتییان بە لەبەر چاو گرتنی شەرعی ئیسلام لە شوێنە گشتییەکاندا، بە جۆرێک لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سنووردارکردنەوەی ئازادییە تاکە کەسییەکان دادەندرێت.