قازیپوور هەرێمی کوردستانی بە پشتیوانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات تاوانبار کرد

16:23 - 13 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری شاری ورمێ، لە مەجلیس ئیدعای ئەوە دەکات، کە هەرێمـی کوردستانی عێراق، بە \"پارەی عەرەبستان و کەرەستەی ئامریکایی\" حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران تەیار دەکات.

نادر قازیپوور، نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیس، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان، لە کۆبوونەوەی ئاشکرای مەجلیس، هەرێمی کوردستانی عێراقی بە هەوڵی \"دژە ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار کرد و ڕایگەیاند: \"هەرێمی کوردستان بە پارەی عەرەبستان و چەکوچۆڵی ئامریکایی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش بە دەستی حیزبی دێموکراتی بارزانییەکان بە دژی کۆماری ئسیلامیی ئێران تەیار دەکات. ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانکردنی وڵاتی عەرەبستان، ئامریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانیان لە ڕاستای پشتیوانی گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش لە بەرنامەی کاری خۆیان داناوە\".

ناوبراو ئیدعا دەکات کە: \"دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە واستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی دژە شۆڕش ئەنجام دەدرێت، خاکی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگای گرووپە تێرۆریستییەکان. پشتیوانی هێندێک لە بەرپرسان بۆ دروستکردنی بنکەی نوێ و پشتگوێخستنی ئەمنییەتی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەن ڕێبەرانی هەرێمـی کوردستان بووە\".

قازیپوور ئەو لێدوانانەی لە ڕەوتی پرسیار و وڵام لە محەممەدجەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانی کرد و ڕوو لە زەریف ڕایگەیاند: \"جەنابی زەریف، داوا لە ئێوە دەکەم بە شێوەی قورس و قایم پیلانەکانی ئەو هەرێمە لە بناغەوە پووچەڵ بکەنەوە.

بە دەستپێکردنی چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی، چەندین جار بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێران هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە.

لە ئەدەبیاتی سیاسی و نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی بە \"دژە شۆڕش\" ناوزەد کراوە.