قادر محەممەدزادە لە زیندانی یەزد هاتە مەرەخەسی

10:44 - 26 رەشەمه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، قادر محەممەدزادە زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی یەزد ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٤٤ ساڵەیە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بۆ یەکەمجار ئیزنی مەرەخەسیی پێ دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەرمانان، قادر محەممەزادە پاش ٣٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا. ئەو زیندانییە لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دژایەتیکردنی دادستانی مەهاباد، لەگەڵ داواکاریی هاتنە مەرەخەسیی ئەو زیندانییە، مانی گرت.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و مەهاباد، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و پاش ١٥ مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "محاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، هەر کامیان بە ٢٠ و ١٨ ساڵ زیندانی بە دوورخراوەیی مەحکووم کران و ئەم حوکمەش بە فەرمی لە دادگای پێداچوونەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

قادر محەممەدزادە هەروەها لەلایەن دادگای کەیفەریی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ئەو حوکمەش پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو زیندانییە لە ساڵی ٩٢ لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کراوەوە و گۆڕدرا بو پارە.

قادر محەممەدزادە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٩ لە دۆسیەیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.