فەزای پولیسی سێبەری بەسەر نەورۆزی کوردستاندا کێشاوە

15:02 - 30 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: چەندین چالاکی مەدەنی کورد لە بەرەبەری کۆتایی ساڵدا لەلایەن هێزی ئەمنییەتیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی پاڵنگان لەو گوندە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هێزی ئەمنییەتیی کامیاران سەرەڕای گرتنی ڕەشید شەرەفیان، کەرەستەی کەسۆکیی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٦ ساڵەیان بردووە.

چارەنووسی ناوبراو لەماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا ناڕوونە و بەدواداچوونەکانیش تاکوو ئێستا دەرنجامێکی نەبووە.

هەروەها لە ڕۆژی سێ‌شەممە، ٢٤ی ڕەشەمە یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنی کامیاران بە ناوی موحەممەدڕەزا ئاهەنگەر دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، پولیسی تەناهی لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی مەریوانیی لە هەمبەر دژایەتی بۆ شاردنەوەی زبڵی ئەو شارە لە دەوروپشتی بەخشی سەرشیو، دەستبەسەر کردووە.

\"\"
محەممەد قەوامی
لە ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا شوناسی چالاکانی دەستبەسەرکراو؛ ئەحمەد ڕانین، شارام ڕانین، فایق ڕانین، ئیدریس ڕاوەند، کەریم ڕاوەند، ڕەحیم ڕاوەند، سەلاح دژاک، جەلال ڕاوش، فایق ڕاوش، مەزهەر موعینی، شەریف دادە و فایق باتکاک ڕاگەیەندراوە.

ناوبراوان سەرەتای ئەو حەوتوویە لەپاش بانگ کردنیان بۆ فەرمانداریی مەریوان بۆ چارەسەرکردنی بابەتی شاردنەوەی زبڵ، لەلایەن هێزی ئەمنیەتییەوە دەستبەسەر کران.

هاوکات لە سنەوە هەواڵ دەگات کە حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعی کوردستان، لەدوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەشەمە، لە دادسەرای تایبەت بە ڕۆحانیەت لە هەمەدان ئامادە بووە.

ئەو چالاکە ناسراوەی کوردستان بەهۆی وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەنە دەرەکییەکان لەبارەی هەڵاواردنە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان کەوتووەتە بەر لێپرسینەوە.

ماڵی یەکێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنی کورد لە سنە کەوتە بەر هێرشی هێزی ئەمنییەتیی ئەو شارە و ئەندامانی بنەماڵەکەی هەڕەشەیان لێ کرا.

\"\"
حەسەن ئەمینی
هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ماڵی محەممەد قەوامی لە گەڕەکێکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە پشکێندراوە و داوایان لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵەیە کردووە کە چیدیکە کوڕەکەیان چالاکی سیاسی ناکات.

محەممەد قەوامی نێوەڕاستی ئەو ساڵ بە هۆکاری تەناهی و مەترسیی گیانی، بەناچار ئێرانی بەجێهێشت و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی سوویسە.

لەو بەستێنەشدا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە بەرەبەری جەژنەکانی تەیبەت بە نەورۆزدا، لانیکەم ٤ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی ورمێ، سەقز و پیرانشار دەستبەسەر کراون.

چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردستان لەهەوڵی بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی نەورۆزی ٩٦ لە شوێنە گشتییەکاندان.

نەورۆزی ئەوساڵ لەژێر باندۆری \"نەورۆزی جامانە\"دایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە گوندی مێژوویی پاڵنگان کرا و تێدا جامانە بووە هێمای نەورۆزی ٩٦.

لینکی پەیوەندیدار:
چالاکێکی چەپ لە کامیاران دەستبەسەر کرا
چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو ناڕوونە
ئیتلاعاتی پیرانشار لاوێکی دەستبەسەر کرد