فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی پاش دەرکردنی بڕياری دەسبەسەرکرانیان، بۆ دادگای ئینقلابی سنە ڕاگوێزران

17:54 - 9 بەفرانبار 2720

ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی بەفرانبار، "فەریدە وەیسی" و "سیروس عەباسی"، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری "دێولان" پاش دەرکرانی حوکمی دەسبەسەرکرانیان، بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی دادگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری "سنە"، ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" پاش ئامادەنەبوونی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە لە کۆبوونەوەی دادگا، حوکمی دەسبەسەرکردنی ئەوانی دەرکردبوو.

هەروەها بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، پاش ئامادەنەبوونی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە لە دادگا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، دو بانگهێشتانامەی دیکەی بۆ ئامادەبوونی ناوبراوان لە دادگا ناردبوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو چالاکە مەدەنییە پاش تەواو بوونی کۆبوونەوەی دادگا ئازاد کراون.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر، "فەریدە وەیسی" و "سیروس عەباسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، داوای بەرێوەچوونی دادگاییکردنی ئاشکرا و دادپەروەرانەیان کردبوو.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە ڕایانگەیاندبوو کە لە یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەیان لە دادگا، مافی دادکۆکیکردنیان لێ ئەستێندرابوو.

هەروەها ڕایانگەیاندبوو کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، دانپێنانی زۆرەملێیان لێ وەرگرتوون و لە بەرانبەر کامێرا ناچار بە دانپێدانان بوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسییەی "سیروس عەباسی، فەریدە وەیسی و ئازاد عەباسی"، سێ چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری "دێولان"، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوەچوو.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، ئەو سێ چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی " پڕۆپاگەندە دژی نیزام، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاندانی بیروڕای گشتی" تاوانبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە بەهۆی زۆربوونی تۆمەتەکان، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار٩٨، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ناوەندەی پەروەردەیی "زانست" و "سیرووس عەباسی" و "فەریدە وەیسیـ"ـیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد.

پاش دەسبەسەرکردنی "سیرووس عەباسی" و "فەریدە"ی هاوژینی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، "ئازاد عەباسی" لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی "دێولان" لەگەڵ هەڵسوکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەوە و دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٨، "سیرووس عەباسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٩٨، "فەریدە وەیسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ٩٨، بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنە، دەستی دابووە مانگرتن، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

"ئازاد عەباسی" ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ٩٨، پاش تەواوکردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.