"فەریدە وەیسی" بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا

10:36 - 26 رەشەمه 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، "فەریدە وەیسی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە، بەنیسبەت ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسلاح و تەربیەتی سنە، دەستی دابووە مانگرتن؛ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئازادیی ئەو چالاکە مەدەنییە لە کاتێکدایه کە هاوژینەکەی سیرووس عەباسی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا، ڕاگیراوە.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکرانیان "لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکە"ی بێبەری کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردە سەر ناوەندەی پەروەردەیی "زانست" و سیرووس عەباسی و فەریدە وەیسیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرد.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پێش چاوی کچەکەیان کە قوتابی قۆناغی چواری سەرەتاییە، دەستان کردبوو بە ئازار و لێدانی سیرووس عەباسی.

پاش دەسبەسەرکردنی سیرووس عەباسی و فەریدەی هاوژینی، ئازاد عەباسی لە کاتی بەدواداچوون بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی براکەی و هاوژینەکەی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دێوڵان لەگەڵ هەڵسووکەوتی نەشیاوی مەئموورانی ئیتلاعات بەرەڕوو بووەوە و دەسبەسەر کرا.

ئازاد عەباسی ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە، پاش تەواو کردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.