فەرهەنگییانی کوردستان و ئێران خوازیاری ئازادکردنی \"یاسر ئەمینی‌ئازار\"ن

15:45 - 26 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: فەرهەنگییانی کوردستان و ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، بۆ پارێزگاری ورمێ، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\" بوون.

لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، هاتووە: \"بەداخەوە، کاری بەرپرسان بە جێگای پێڕاگەیشتن بە داخوازیی فەرهەنگییان و بیستنی دەنگی مافخوازانەی ئەوان، بووەتە هۆی لەبەرچاونەگرتنی کێشەکانیان. هەروەها، دەستوداوێنی ڕێگاکانی نایاسایی وەک ترساندن، دوورخرانەوە، گوشار، دەسبەسەرکردن و زیندانی کردن، نەتەنیا پرسە سەرکییەکەیان چارەسەر ناکات، بەڵکوو گرفتەکانی ئەم توێژە زەحمەتکێش و دڵسۆزە، دووقات دەکاتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بارودۆخی نالەباری پەروەردە و بارهێنان، لە تەواوی لایەنەکانی ژیان و تاک و کۆمەڵدا.\"

واژۆکەرانی ئەم نامەیە، ڕایانگەیاندووە: \"ئێمە مامۆستایان، خوازیاری ئازادکردنی دەسبەجێ و بێ مەرجی هاوکارمان، \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\" و هەموو چالاکانی سێنفیی دیکەین.\"

واژۆکەرانی ئەو نامە سەرئاوەڵایە، کە سەرجەم ٣٣٤ کەسن، لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، سنە، دێولان، کامیاران، جوانڕۆ، مەریوان، کرماشان، بۆکان، سەقز، قوروە، تاران، کەرەج، یەزد، لوڕستان، قەزوێن، قوم، خۆڕەمئاوا و چەند شاری دیکەی کوردستان و ئێران بوون.

دەقی تەواوی ئەم نامە سەرئاوەڵایە، کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە، لە بەشی فارسیدا دانراوە.