فەرهەنگی ڕێژنە (دەنگ و دەنگەناو)" چاپ و بڵاو کرایەوە

12:09 - 30 خەرمانان 2720

کتێبی "فەرهەنگی ڕێژنە" تایبەت بە دەنگ و دەنگەناوی کوردی بە هەوڵ و تێکۆشانی چەندساڵەی توێژەری بانەیی"عەبدولخالق تەوەکولی"، لەلایەن توێژینگەی کوردستان‌ناسی و پەخشانگای زانکۆی کوردستانەوە چاپ کرا. 

ئەم فەرهەنگە جیا لە کۆکردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار دەنگەناوی کوردی کە دەیکاتە یەکێک لەو کتێبە دگمانانەی هەتا ئێستا لەم بوارەدا چاپ کراون.

 هەندێ تایبەتمەندیی تریشی هەیە کە بایەخ و گرینگایەتییەکەی زیاتر دەکات. هەندێک لەم تایبەتمەندییانە ئەمانەن:

۱- بەپێی ئەلفوبێی دەنگناسیی نێونەتەوەیی (IPA) دەنگ‌نووسی بۆ کراوە کە دەبێتە هۆی ئەوە هەرکەسێک لە هەر شوێنێکی جیهان، بزانێ وشەیەک چۆن لەلایەن ئاخێوەرانیەوە دەبێژرێت واتە شێوەی دەربڕینی دروستی وشەکە دیاری دەکات.

١_هەر لەم بوارەدا، بەپێی شێوەیەکی نوێباوی فەرهەنگ‌نووسی لە جیهاندا، لە نێوانی بڕگەکاندا "خاڵ" دانراون هەهتا بزانرێ هەر وشەیەک چەند بڕگەیە. واتە ژمارەی بڕگەکانی هەر وشەیەک بەپێی فورموولی "ژمارەی بڕگە= ژمارەی خاڵ + ۱" دیاری دەکات. بۆ میناک وشەیەک وەک "han.ka.hank" سێ بڕگەیە کە ئەم تایبەتمەندییەش یارمەتیی خوێنەران دەدات کە وشەکە بەدروستی دەرببڕن.

۳- تایبەتمەندییەکی تریش ئەوەیە جیا لە  ڕیزبەندیی ئەلف‌وبێیی، بە پێی "بابەت"یش پۆلێن‌بەندی کراوە کە ئەمیش یارمەتیی خوێنەران و توێژەران و بەتایبەت وەرگێڕەکان دەدات بۆ هێنانی دەنگێک لە ناو دەقەکانیاندا، بەسانایی بتوانن دەنگەکە بدۆزنەوە و بینووسن.

ئامادە کردنی ئەو کتێبە، ماوەی حەوت ساڵی خایاندووە و نزیک بە چوار هەزار دەنگی زمانی کوردی کۆ لە خۆدەگرێت و لە سەر ئەرکی بەشی توێژینەوەی زانکۆی کوردستان چاپ کراوە.