\"فەرهادی دووەم\" هەموو داراییەکەی پێشکەشی قوتابخانە کرد

15:18 - 20 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: حوسێن عوسمانی ناسراو بە خاڵە حوسێنی کۆکەن و خەڵکی گوندی \"دڕۆڵە\"ی سەربە شاری پاوە، هەموو سەرمایەکەی پێشکەشی قوتابخانەکانی باینگان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوسین کۆکەن، کە بەهۆی هەڵکەندنی ماڵێک لە نێو دڵی شاخدا، بە \"فەرهادی دووم\" ناوبانگی دەرکردووە، هەموو داراییەکەی کە ٦ ملوێن تمەن بوو، پێشکەشی قوتابخانە کردووە.

حوسێن کۆکەن، گوتوویەتی: ئەو پارەیەم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەکوو دیاری لەو گەشتیار و گەڕۆکانە وەرگرتووەو کۆم کردۆتەوە.

هاوکات حەبیبوڵڵا مستەوفی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی باینگان رایگەیاندووە، ئەو پارەیەی حوسێنی کۆکەن سەرفی هۆشمەندکردنی پۆلێکی خوێندن و دابین کردنی کەلوپەلی پێویست بۆ ١٤ قوتابخانە دەکرێ.

خاڵە حوسێنی کۆکەن کە لاقێکیشی لەدەست داوەو پێشتریش یارمەتیی ماڵی پێشکەشی دروستکردنی چەند قوتابخانەیەکی داوە، لە ناو دڵی شاخێکی ناوچەی باینگان ئاسەوارێکی بەنرخی ئافراندووەو ساڵانە ژمارەیەکی گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات رووی تێدەکەن.

فەرهادی سەدەی بیستەم، هەتا ئێستا ١١ ژور و حەمامێکی لە دڵی شاخەکە هەڵکەندووەو ھەر ژوورێکیش ١٣ تاقی گەورە و سێ پەنجەرەی ھەیە.

فەرهادی دووەم کە تەمەنی ٨٤ ساڵە، لە کاتی شەڕی ئێران و ئێراقدا ماڵی لێ وێران بووەو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەدەست داوەو بەو هۆیەوە رووی لە شاخ کردووەو ئێستاش بە تەنیا لەو ماڵە هەڵکەندراوەدا دەژی، کە چەندین ساڵ بە تەور و بێل سەرقاڵی هەڵکەندنی بووە.
\"23111.jpg\"