فەرهادی دووهەم کۆچی دوایی کرد

16:25 - 5 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: خاڵۆ حسەین کۆکەن ناسراو بە فەرهادی دووهەم، بە هۆی بەساڵاچوویی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٥ی گەلاوێژ، کەسێک کە لەگەڵ ئۆستوورەکانی وەک فەرهادی کۆکەن ناسێندرا، لە شوێنی لەدایکبوونی لە شارستانی پاوە دڵی لە لێدان کەوت.

حسەین عوسمانی لە کۆتاییەکانی پاییزی ڕابردووەوە بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە تاشەبەردێک، لەجێگا کەوتبوو.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حسەین کۆکەن وێڕای پشتڕاستکردنەوەی مەرگی ناوبراو، بە هەواڵدەریی کوردپای گوت: کاتژمێر٧:٣٠ خولەکێکی ئەمڕۆ سێشەممە، خاڵۆ حسەین ماڵاوایی لە ژیان کرد و ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاروچکەی بانەوڕێ بەڕێوە دەچێت.

کاک حسەین لە ماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا، بە پاچ، ئەشکەوتێکی بەردین لە گۆند و سەیرانگەی \"مەیگۆرێ\" لە نزیک بانەوڕێ هەڵکەندووە و بە هۆیەش نازناوی فەرهادی دووهەمیان لێناوە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٤٣ قاچێکی خۆی لەدەست دەدا و لە ساڵی ١٣٦١ تاکوو ١٣٧٣، یازدە ژووری بەردین لەناو کێوی \"قاوگیرە\" ساز دەکات.

خاڵۆ حسەین کۆکەن هەموو داهاتی سەردان کردنی لە ئەشکەوتی دەستسازی \"قاوەگیر\" خەرجی درووستکردنی قوتابخانە، مزگەوت و هاریکاری هەژاران کردووە.