فەرهاد عەبدوڵڵاپوور: ئیدعاکانی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ سەبارەت بە براکەم بە توندی ڕەت دەکەمەوە

12:47 - 7 سەرماوەز 2720

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ، لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێـ"ـی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو ڕەت کردەوە.

لەو نامەیەدا، کە بەڵگەیەکی بە دەست ئاژانسی کوردپا گەیشتووه، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ، لە زاری هێزی قەزایی، لە سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ناوبراو پێش لە سێدارەدان ئەشکەنجە نەکراوە.

نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ژێنڤ لەو نامەیەدا، ئیدعای کردووە کە ئەو زیندانییە سیاسییە لە شەڕی چەکداریی دژی حکوومەتی ئێران، بەشداریی کردووە.

نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو نامەیەدا، ئیدعای کردووە کە پێش لە جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بنەماڵەکەی ئاگاداری ئەو بابەتە بوونه و پرسی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردووەتەوە.

فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای ئەو زیندانییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ئیدعاکانی نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، لە نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنڤ سەبارەت بە براکەی ڕەت کردووەتەوە و بە دوور لە ڕاستیی وەسف کردووە .

فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، وێڕای ڕەتکردنەوەی بەشداریی براکەی لە شەڕی چەکدارانە دژی حکوومەتی ئیران، ڕایگەیاندووە: "براکەی هیچ جۆرێک بەشداریی لە شەڕی چەکداریدا نەکردووە و ئەم تۆمەتانە ساختەییە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدا ئەو تۆمەتانەیان خستبووە پاڵ براکەم".

ناوبراو ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە: "ناوەندە ئەمنییەتیی و قەزاییەکانی چەند حەوتوو بنەماڵەکەی ئێمەیان، لە ئێعدامکردنی شاراوەی هیدایەت، ئاگادار نەکردبووە".

برای ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها دەڵێت: "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە گرتنگەکانی سپای پاسداران لە ورمێ، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە".

فەرهاد عەبدوڵڵاپوور ئەوەشی خستەڕوو: "پێش لە جێبەجێکردنی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ناوبراو بۆ ماوەی ٥ مانگ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەمان، بێبەری کرابوو".

عەبدوڵڵاپوور پێداگریی لە سەر ئەوە دەکات: "تەنانەت پارێزەرەکانی هیدایەت لە جێبەجێکردنی حوکمەکەی ئاگادار نەکرابوونەوە و ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکان، پاش بەدواداچوونی باوکم و هاوژینەکەی هیدایەت، بە ئەوانیان ڕاگەیاندبوو کە لە گۆڕستان بە شوێن هیدایەتدا بگەڕێن".

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە شاری شنۆ جێبەجی کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوورلە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٩ ڕۆژ پاش شەڕی نێوان پێشـمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین کەڕەت بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.