فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان: سپای پاسداران بۆ تۆپبارانکردنی کوردستان، لە تۆپی فسفۆڕ کەڵکی وەرگرتووە

15:49 - 27 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا ڕایگەیاند، کە سپای پاسداران بۆ تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، لە گولـلە تۆپی فسفۆڕ کەڵکی وەرگرتووە.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، پێداگری لە سەر ئەوە کردووە، \"ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕدا، سپای پاسداران تۆپی فسفۆڕی بەکار بردووە، کە هەم بووەتە هۆی سووتانی ژینگە و هەم شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستان.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رایدەگەیەنێت، کە شەڕی سپای پاسداران دژی کوردستان، شەڕێکی دژە مرۆیییە کە هەموو بەها مرۆیی و جیهانییەکان پێشێل دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستانی عێڕاقی لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە توندی مەحکووم کرد و داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە، کە لە بەرانبەر هەوڵەکانی سپای پاسداران بێدەنگ نەبن.

کاتژمێر ٢ دوانیوەڕی ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران، ناوچەی \"گوندە ژوور\"ی سەر بە شاری چۆمان و ناوچەی \"بەربەزین\"، لە سیدەکانیان تۆپباران کرد و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

لە ئاکامی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، دوو پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەکانی \"ڕەحیم ڕۆستەم داستان، خەڵکی شاری مەهاباد و \"ئیدریس دەروێشی\"، خەڵکی شاری پیرانشار گیانیان لە دەست داوە.