فەرماندەیی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان وردەکارییەکانی شەڕی شنۆ بڵاو دەکاتەوە

21:19 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، باس لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشـمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران دەکات.

فەرماندەیی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی فەرمی حدکا، وردەکارییەکانی شەری شنۆ لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: \"دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئاڵوگۆڕی شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشینی شنۆ، شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی گەلاوێژ، کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی بەهۆی راپۆرتی جاش و سیخوڕ و جاسووسەکانەوە، لە سێ لاوە دەکەونە کەمینی هێزێکی زۆری جاشە خۆفرۆشەکان و سپای پاسدارانەوە و لە هەموو لایەک ئاگرباران دەکرێن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکات مۆڵگەکانی رێژیم لە دوورەوە و هەروەها تۆپخانەیەکی بەرفراوان لە هەموو لایەکەوە شوێنی هاتوچۆی پێشمەرگەکان ئاگرباران دەکەن و شەڕێکی قورسی نابەرامبەر دەست پێ دەکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: \"بە پێی زانیارییەکان رێژیم ١٢ کوژراو و ٨ برینداری لەو شەڕەدا هەبووە. دوژمن دەستبەجێ بۆ داپۆشینی خەسارەتی خۆی بە ماشینی داپۆشراو و هێلی کۆپتێر، کوژراو و بریندارەکانی بۆ ورمێ گواستووەتەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەی فەرماندەییدا هاتووە: \" لەو شەڕە نابەرامبەر و خوێناوییەدا بە داخ و کەسەرێکی گرانەوە ٤ پێشمەرگەی گیانفیدا بە ناوەکانی: عەبدولسەلام عەبدی، سلێمان محەممەدزادە، عەبدولواحید سوهرابی و ئیسماعیل ئێرانمەنش، گیانی ئازیزیان بەخت دەکەن و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبن\".

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها دەڵێت: \"سێ کەس لەو هاوڕێیانە بریندار بوون و بە هۆی نەبوونی دەرەتانی گواستنەوە و قورسیی برینەکانیان بە نارنجۆکی دەستی گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کردووە.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها لەو بەیاننامەیەدا ئەوەشی خستەوەتە ڕوو: \". دوو پێشمەرگەی ئازا و گیانفیدای شاریش لەو شەڕەدا بە ناوەکانی: عوسمان رەحمانی و مێهران تەهاپوور، گیانیان لە دەست داوە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو بەیاننامەیەدا پێداگری لە سەرکار و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستانی ئێران دەکات و دەڵێت: \"ئەم هەوڵە نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی، بێ‌وڵام نابێت\".

شەوی شەممە ٢٠ گەلاوێژ، شەڕ و تێکەڵچوونێکی توند لە نێوان هێزی پێشـەرگەی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخەکانی کێلەشین سەر بە شاری شنۆ هاتبووە ئاراوە.