فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە شەڕی پیرانشار ڕاگەیەندراوەێکی بڵاوکردەوە

16:14 - 3 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە \"حدکا\" لە بەیاننامەیەکدا، شەڕ و تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبەی لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار پشتڕاست کردەوە.

فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕایگەیاندووە:\"لە درێژەی کار و چالاکی و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار, شەوی ١٣٩٧/٤/٣ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە حاڵی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیان بوون, لە شاخەکانی پشتی زیوە و کۆنە لاجانی سەر بە پیرانشار لە لایەن هێزە دژی گەلیەکانی رێژیمەوە دەکەونە بەر دەسرێژی چەک و پەلاماری هێزی رێژیمی دژە گەلی کۆماری ئیسلامی, پاش شەڕ و پێکدادانێکی زۆر و ئاگربارانی تۆپخانەکانی رێژیم لەو شوێنە, دوژمن بە کوژراو و بریندارێکی زۆرەوە تێک شکاو و ڕێژیمیش شوناسی دوو کەس لە کوژراو بریندارەکانی ئەو شەرەی بە ناوەکانی ستوان دووهەم محەممەد هاشمی و کەسراو عەبدلعلیزادە ڕاگەیاندووە\".

فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە درێژەی بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە: \"پاش کۆتایی هاینی ئەو شەڕو تێکەڵجوونە، یەکێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان بە ناوی \"سامان حەسەن‌پوور ناسراو بە سامان شێوەسڵی گیانی لە دەست داوە\".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیلنا\" سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا و لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدوڵعەلیزادە\" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە.

فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەیاننامەکەی خۆیدا، باسی لە ژمارەیەکی زۆر لە کوژراو برینداربوونی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شەڕو تێکەڵچوونە کردووە.