فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەیاننامەی قەرارگای حەمزەی ڕەت کردەوە

20:17 - 9 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەیاننامەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانی ڕەت کردەوە.

کاوە بەهرامی، فەرماندەی هێزی پێـشمەرگەی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ڕەسمی حیزبی دێموکرات، بەیاننامەی قەرارگای حەمزە، سەبارەت بە تۆپباران نەکردنی مەقەڕەکانی حدکای ڕەت کردەوە.

ناوبراو دەڵێت: \"سپای پاسداران لەو بوردوومانەدا لە مووشەکی ٣٠ کیلۆیی دروسکراوی ساڵی ٢٠١٧ کەڵکی وەرگرتووە\".

ئەو فەرماندە نیزامییە دەڵێت: \"قەرارگای حەمزە بە هۆی سەرنەکەوتنی لە ئۆپراسیۆنەکەدا، ئەم بەیاننامەیە، بڵاو کردووەتەوە.\"

کاوە بەهرامی لە درێژەی وتووێژەکەیدا باسی لە تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: \"ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی ڕەزبەر، سپای پاسداران جارێکی دیکە کوێستانەکانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێرانی بە کەڵوەرگرتن لە پەهپاد و کاتیۆشا بوردوومان کردووە و هەتا ئێستا درێژەی هەیە.\"

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، سپای پاسداران کوێستانی \"کۆدۆ\" لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێرانی بە کەڵوەرگرتن لە پەهپاد بودروومان کرد و هەروەها کوێستانەکانی \"سەقەڕ و بەربەزین\" لە نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی تۆپباران کرد.

پاش بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵدەرییەکانی سپای پاسداران لە فەزای مەجازیدا، هێڕشی تۆپخانەکان و پەهپادی سپا دژی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە. بەڵام پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ئەم هەواڵەی بە درۆ خستەوە.