فەرماندەی سنوورپارێزی ڕەوایی دەدات بە داگیرکاریی حکوومەتی و ئەو کوشتن و بڕینەی کە دەیکەن.

11:47 - 29 رێبەندان 2719

"یەحیا ئیلاهی"، فەرماندەی هەنگی سنوورپارێزیی له پارێزگای کرماشان، ئەو کۆڵبەرانەی کە دوو ڕۆژ پێش، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە لە سنووری نەوسوود تەقەیان لێکرا، بە "دسدرێژکار" لە قەڵەم دا.

ئەو فەرماندە نیزامییە وتوویەتی: "ژمارەیەک لە دەسدرێژکاران لە سنووری پاوە کە ئامانجیان شکاندنی هەرێمی قەدەغەکراو لە ناوچەی سنووریی پاوە بووە، لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان بێئاکام مانەوە".

فەرماندەی هەنگیی سنوورپارێزیی کرماشان هەروەها وتوویەتی: "سنوور پارێزەکان بە مەبەستی پاراستن لە سنوورەکانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە دسدرێژەکان کە مەبەستیان شکاندنی هەرێمی ئەمنییەتیی سنوورەکان بووە، تووشی شەڕ بوونه و وڵامیان درایەوە".

"یەحیا ئیلاهی" ئاماژەی بەو کرد کە سنوورەپارێزەکان بەرانبەر بە ئەرکی یاسایی خۆیان، لە هەر جۆرە هاتوچۆیەکی نایاسایی "دسدرێژکارانە" لە هەرێمی قەدەغەکراوەی سنوورەکان هەڵسووکەوت دەکەن.

هەر چەند ئەو فەرماندە نیزامییە باس لە بەکارهێنانی یاسایی چەکوچۆڵ لەلایەن سنوورپارێزەکانەوە دەکات  بەڵام لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی حکوومەت کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکە بریندار بوونه.

وشەی دەسدرێژەکان بۆ کۆڵبەران، بەپێی لێدوانی فەرماندەی سنوورپارێزیی پارێزگای کرماشان لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک له کۆڵبەران ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنوور نەوسوود، تەقەیان لێکرا.

لە ئەنجامی ئەو تەقەیەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "ئەحمەد سەحرایی" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی "موئمین" خەڵکی گوندی "دشە"ی شاری پاوە و "شاهد ئەداک"، خەڵکی گوندی "ژیوار"، سەر بە هەورامان گیانیان لەدەست دا.