فەرماندەری پاسگایەک لە سەلاسی باوەجانی، لاوێکی ١٧ ساڵەی بریندار کرد

14:47 - 30 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی نزیک بوونەوە لە خاڵە سنوورییەکان تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن و هەتا ئێستا دەیان هاووڵاتیی مەدەنی و کۆڵبەریان بەو بیانوویەوە کوشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر سنووری شێخ سەڵەی سەربە سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای گەزنە بریندار کرا.

هەواڵنیری کوردپا لە سەلاسی باوەجانی، ناوی ئەو لاوە کوردەی فەرهاد (جەمشید) سەدیقی‌مەنش، ناسراو بە \"بەگە\" و کوڕی حوسێن و خەڵکی (بانی نار) لە سنووری شێخ سەڵە راگەیاندووە، کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ دراوەتە بەر دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەکان.

شایەتحاڵێک بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، فەرماندەری پاسگای گەزنە بەناوی \"پەهلەوانی\" تەقەی لە فەرهاد سەدیقی‌مەنش کردووەو برینداری کردووە.

ئەو لاوە تەمەن ١٧ ساڵەیە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی کرماشان کراوەو هیچ زانیارییەک لە دۆخی جەستەیی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا سەدان هاووڵاتی بەدەستی چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و سەرەڕای ئەوەیکە بکوژەکانیش لەلایەن خەڵک وشایەتحاڵانەوە شناسایی کراون، بەڵام هیچکام لەو کەسانە لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە سزا نەدراون و تەنانەت لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا نەکراوە.