فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕ و تێکهەڵچوونی لەگەڵ هێزەکانی ئیتلاعات پشتڕاست کردەوە

20:57 - 3 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە \"حدکا\" باسی لە گیان لە دەستدانی پێشمەرگەیەکی ئەم حیزبە لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ئیتلاعاتدا کرد.

فەرماندیی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان سەر \"حدکا\" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا، ڕاگەیاند: تیمێک لە پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە لە کاتێکدا، کە سەرقاڵی کار و چالاکی بوون، ئێوارەی رۆژی ٢١ی پووشپەڕ کەوتنە بەر بۆسەی هێزە ئیتلاعاتییەکان و لە ئاکامدا، یەکێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان بە ناوی \"شەهاب حەیدەری\" و یەکێک لە ئەندامانی ئەم حیزبە بە ناوی هەژار ڕەزایی گیانیان لە دەست داوە.

پێشتر، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردبووە کە ، شەوی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزە حکوومەتییەکان، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆجگەلی\" و \"موشیرئاوا\"ی شاری بۆکان، تەقەیان لە ماشێنێکی پراید کردووە و یەکێک لە مسافیرانی ئەو ماشینە بە ناوی \"هەژار ڕەزایی\" کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی \"قەڵای هەلاکۆ\" گیانی لە دەست دا.

هەروەها، وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، تەقەی هێزەکانی ئەم وەزارەتەی لە مسافیرانی ماشێنی پراید، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی و موشیرئاوا\" سەر بە شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە.