فەرمانداری و شارەداریی بۆکان دەیانهەوێ دەفتەری کاری ئەنجومەنی ژینگەی وڵات دابخەن

15:09 - 22 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرمانداریی و شارەداریی بۆکان، گوشاریان بۆ ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" هێناوە کە دەبێ چالاکییەکانی ڕابگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڕی گشتیی ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" لە شاری بۆکان لە بەیانییەیەکدا ئاشکرای کردووە کە فەرمانداریی و شارەداری دەیانهەوێ کۆتایی بە چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە بێنن.

لەو بەیانییەدا هاتووە: \"گوشار بۆ سەر ڕێکخراو و ئەنجومەنەکان لە لایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە، شتێکی نوێ نییە، ئەو گوشارە بە درێژایی مێژوو هەتا ئێستا درێژەی هەبووە\".

ئەنجومەنی ژینگەی \"وڵات\" لەو بەیانییەدا نووسیویەتی: \"بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشووی ئەو ئەنجومەنە، گوشارەکان لە لایەن فەرمانداری و شارەدارییەوە بۆ داخستنی ئەو ئەنجومەنە بەردەوامە و ئێمە داوا لە خەڵک دەکەین پشتیوانیمان لێ بکەن هەتا دانەخرێت\".

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی وڵات بە ناوەکانی \"حامید سپێهری و جەعفەر ئەمینی\" بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کران.

ئەو دوو چالاکەی ژینگەپاریزی ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەسبەسەر کران و دواتر مانگی خاکەلێوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.