فەرمانبەرێکی ئیدارەی گشتیی ئاوی ناوچەیی کوردستان دەسبەسەر کرا

13:50 - 18 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرمانبەرێکی ئیدارەی گشتیی ئاوی ناوچەی کوردستان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، \"زانیار زمیران\"، فەرمانبەری ئیدارەی گشتیی ئاوی ناوچەی کوردستان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەتا سەردانی شوێنی کاری ئەم هاووڵاتییە کوردەیان کردووە و پاش دەسبەسەر کردنی چوونەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی هێندێک کەرەستەی شەخسی ناوبراو کردووە و زانیار زمیرانیان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواستووەتەوە.

ئەم فەرمانبەری ئیدارەی گشتیی ئاوی ناوچەی کوردستان خاوەنی پێشینەی کار لە بوارەکانی راوێژکاری فەرهەنگی شیرکەتی ئاوی ناوچەی کوردستان، بەڕێوەبەریی پدافند غیر عامل و بەرێوەبەری قەیرانەکانی شیرکەتی ئاوی ناوچەی کوردستانە.

لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا، ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی لە شارەکانی کامیاران و سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەم چالاکانەدا، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو چالاکانەیان داوە.

ئەم ١٠ چالاکە کوردە، بۆ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدان و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.