فەرمانبەرێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەلاسی باوجانی دەسبەسەر کرا

20:25 - 9 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: فەرمانبەرێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەلاسی باوجانی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی پووشپەڕ، فەرمانبەرێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەلاسی باوجانی، بە ناوی \"سالار ڕەمەزانی\"، تەمەن ٤٠ ساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فەرمانبەرە کوردە، بەبێ ‌بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"سالار ڕەمەزانی، پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ئەم فەرمانبەرە کوردە، ڕانەگەیەندراوە.