فەرمانبەرانی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی سەقز بەهۆی دواکەوتنی پارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی

10:26 - 10 رەشەمه 2719

ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی ڕەشەمە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی سەقز، بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٤ مانگیان، لە حەوشەی ئەو ڕێکخراوەیە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

دەوترێت، ئەو فەرمانبەرانە وەکوو فەرمانبەرانی دیکەی شارەداریی سەقز، ماوەی ٤ مانگە پارە و مەزایایان وەدواکەوتووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئەگەری پێنەدانی پارەی دواکەوتنی فەرمانبەران و گرتنە بەری ڕێگاچارەیەک، ئەو مانگرتنە هەتا کۆتایی ئەم حەوتوویە، شارەداریش دەگرێتەوە.

سەرەڕای نزیکبوونەوە لە جێژنی نەورۆز، بنەماڵەی فەرمانبەران بەهۆی دواکەوتنی پارەی چەند مانگەیان، لەگەڵ کێشەی ماڵی بەرەڕوو دەبنەوە.