فەرزانە جەلالی ئازاد کرا

14:33 - 23 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: فەرزانە جەلالی چالاکی مەدەنیی و پارێزەری مافی ژنان لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، فەرزانە جەلالی ژنە چالاکی ناسراوی خەڵکی شاری کرماشان، دوای ١٥ ڕۆژ ڕاگیرانی لە گرتووخانەی ئەمنیەتیی \"مەیدانی نەوت\"ی ئەم شارە، بە دانانی بارمتەی 300 میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ناوبراو بە \"چالاکی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی\" لە لایەن دادگاوە تاوانبار کراوە و بە دانانی بارمتە ئازادیان کردووە.

فەرزانە ڕۆژی شەشی ڕەشەمەی ئەمساڵ، لە لایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری کرماشان، لە ئیداری تۆمار کردنی باری کەسێتی(سەبتی ئەحواڵ)، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی جەلالی، سەبارەت بە چۆنیەتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو دەڵێت کە؛ \"فەرزانە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیەوە بۆکراوە و بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کراوە، لەوێ دەست بەسەر بەڵگەنامەکانی باری کەسێتیی ناوبراودا گیراوە و لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە بە بێ بوونی حوکمی قەزایی، بە زۆرە ملی قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاپێچ کراوە\".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها باس لەوە دەکات کە؛ \"مەئمورەکان پاش دەستبەسەر کردنی فەرزانە جەلالی، ماڵی ناوبراویش دەپشکنن و دەستیان بەسەر کەرەستەی کەسۆکیی ناوبراودا گرتووە، وەکوو: کامپیۆتێر، کتێب و نووسینەکانی و کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعات هیچ زانیارییەکیشیان لە پێوەندی لەگەل هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناوبراو بە بنە ماڵەکەی نەداوە\".

ناوبراو یەکێک لە چالاکانی بواری ژنان و مافی منداڵانە و دەوترێت لەم دواییانەدا بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی منداڵانی زیانبەرکەوتووی ڕووداوی قوتابخانەی شین‌ئاوێ‌ کردووە. ناوبراو دەرچووی بواری خەڵک‌ناسی لە زانکۆی تارانە و بەرپرسایەتی ڕۆژنامەی \"صبح\"ی زانکۆی تارانی لەئەستۆ بووە. هەروەها نەفەری شەشەمی کۆنکووری ماستەری ساڵی ٨٩یە، بەڵام ئیزنی خوێندی پێ نەدراوە.