فەرزاد حەق شناس: سەرەكی ترین هۆكاری ئاگركەوتنەوەكان لە كوردستان، تێڕوانینی ئەمنیەتیی حكوومەتە بۆ سروشت

13:24 - 17 رەشەمه 2711
ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەشێكن لەو كۆمەڵگا مەدەنیەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەردەوام لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی دان و ئەو گوشارەش هەر لە سەرەتاكانی دامەزران و بەرهەست بوونی چالاكیەكانی چیاوە دەستی پێكردوە.

كوردپا: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەناو ئەنجومەن و رێكخراوە مەندەنی و NGOكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\" یەك لەو ئەنجومەنە چالاكانە بووە كەلە بواری ژینگەپارێزیدا زۆر كاری كردووە و كاریگەریی خۆی داناوە، لە بەرامبەردا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زەخت و گوشارێكی زۆریش بەشێك لە ئەندامانی بەڕێوەبەرییان بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ ئاوڕدانەوە لە كار و چالاكیەكانی ئەو ئەنجومەنە و رەوش و بارودۆخی ئەندامانی و هەروەها شێوەی هەڵسوكەوتی رێژیم لەگەڵ چالاكانی ژینگە پارێز لە كوردستان، وتووێژێكی لەگەڵ فەرزاد حەق شناس یەكێك لە ئەندامانی \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\"پێکهێناوه.

كوردپا: بارودۆخی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چۆن بووە؟ بۆچی هێندە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەخرانە ژێر گوشارەوە؟

فەرزاد حەق شناس: ئەندامانی چیا بەشێكن لەو كۆمەڵگای مەدەنیەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەردەوام لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی دان و ئەو گوشارەش هەر لە سەرەتاكانی دامەزران و بەرهەست بوونی چالاكیەكانی چیاوە دەستی پێكردوە بۆ وێنە لە ساڵی 1385دا دامەزرێنەری چیا بەڕێز هیوا بووتیمار دەستبەسەر كرا كە سەرەتا بە ئیعدام مەحكوم كرا، بەلام دواتر حوكمەكەی بۆ 8 ساڵ زیندان كەم كرایەوە.
لە ماوەی دوو ساڵەی دواییدا گوشارەكان زۆرتر و زۆرتر دەبوون بۆ وێنە ئەمساڵ كە خەریكە بەرەو كۆتایی دەڕوات كەسانێكی زۆر لە ئەندامانی چیا گیران لەوانە: شەریف باجوەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر، بەرپرسی كۆمیتەی بەرگری لە قەیران بۆ قەیرانەكانی وەك: ئاگر كەوتنەوە، لافاو، بوومەلەرزە و …، بهرووز داروەند، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر، لە دامەزرێنەرانی كومیتەی بەرگری لە مافی ئاژەڵان، ئیرەج قادری، لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئەنجومەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر، لە ئەندامانی كۆمیتەی فەرهەنگی (گۆڤار، ماڵپەڕ، …)، و رەحیم باجوەر و...ئەوەش رەنگە بەو هۆیە بێ كە چالاكیەكانی رێكخراوی چیایش بەربڵاو تر بووەتەوە و تەنانەت دانیشتوانی گوندەكانیش لەلایەن چیاوە رێكخستن كراون تا لە ئەگەری هاتنە ئارای هەرچەشنە رووداوێكدا خاوەنداری لە سروشتی كوردستان بكەن. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا كە سروشتی كوردستان بەرەوڕووی مەترسیەكی جیدی ببووە و ساڵانە هەزاران دۆنم لە دارستانەكانی كوردستان دەسووتان، ئەمەش یەك لە هۆكارە سەرەكیەكانی تێڕوانینی ئەمنیەتی كۆماری ئیسلامیە بۆ ئەو ڕێكخراوە مەدەنیە چوونكا ئەو ڕژیمە لە هەرچەشنە ڕێكخستنێك دەترسێ ئەوەش بەو هۆیەیە كە كۆماری ئیسلامی لە كوردستان مەشرووعیەتی نیە و هەر لە سەرەتاشەوە وەك هێزێكی داگیركەر بە هێرشی نیزامی هاتۆتە كوردستان و هەتا ئێستاش وەك هێزێكی داگیركەر لە كوردستان دەجووڵێتەوە.

كوردپا: ئامانج لە دامەزرانی ئەنجومەنی سەزی چیا چ بوو و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا چ كارگەلێكیان ئەنجام داوە؟
فەرزاد حەق شناس: ئەنجومەنی سەوزی چیا كە ١٢ ساڵە دامەزراوە و تەنیا و تەنیا كاری ژینگەپارێزی دەكا، لەلایەن فەرمانداری مەریوانەوە مۆڵەتی فەرمیی وەرگرتوەو بۆ هەموو كارەكانی، گەرچی لە درێژەی پاراستنی ژینگەدا بووە، لە ئۆرگانە پێوەندیدارەكان ئیزنی پێویستی وەرگرتوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا رێكخراوێكی ژینگەپارێزیە لە شاری مەریوان و دەورووبەری و تا ئێستا بە هەوڵ و تێكۆشانی بێوچانی ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ئەنجومەنە، سەدان حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە دارستان مەزار و كێڵگەكانی هەرێمەكانی مەریوان و سەوڵاوا كۆنترۆڵ كراوە.

حكوومەتی ئیسلامی لە سەرەتاوە هەوڵیان داوە كە بە هەر شێوەیەك كۆمەڵگا و تاكەكان كونترۆڵ بكەن و نەهێڵین ئەوان بۆ خۆیان كۆڕ و كۆبوونەوە و رێكخراو و .. پێك بێنن، چونكە باش دەزانن كە هەر هەوڵ و داهێنانێكی سەربەخۆ لەلایەن هاووڵاتییان و هەرچەشنە هەوڵدانێك بۆ خۆ رێكخستن لە درەوەی چوراچێوەی دەسەڵاتی رێژیم، دەتوانێت رەوایی رێژیم بباتە ژێر پرسیار و ئۆتۆریتەی دەسەڵات لاواز بكات. هەر بۆیەش ئەوان بەردەوام هاوتەریب چالاكانی مەدەنی و كۆمەڵایەتیشان وەكوو چالاكانی سیاسی سەركوت كردووە. دەستبەسەر كردنی چالاكانی ژینگەپارێزی مەریوانی كە چالاكییان كوژاندنەوەی ئاگركەوتنەوەكانی نێو دارستانەكانی ئەم دەڤەرە بووە، كە رێژیم تەنانەت وەكوو مەترسییەك و بە چاوی ئەمنیەتییەوە بۆ ئەو كارەش روانیویەتی و نزیك بە چە ند مانگە كە بەبێ هیچ بەڵگەیەك ئەو چالاكە كۆمەڵایەتییانەی دەستبەسەر كردووە، ئەگەرچی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بۆ ماوەی سێ ساڵی بەردەوام لەلایەن پارێزگاری و ناوەندەكانی پێوەندیدارەوە وەكوو ئەنجوومەنی نموونەی پارێزگا ناسێنراوە و خەڵات كراوە.

كوردپا: بۆچی تەنیا چوارچێوەی كار و چالاكیی ئەنجومەن شاری مەریوان و دەورووبەری بوو و شارەكانی دیكەی كوردستانی نەدەگرتەوە؟

فەرزاد حەق شناس: حەوزەی كاری چیا هەر لە سەرەتاوە ناوچەكانی مەریوان و دەورووبەری بووە، بەلام ئەوە بەو مانایە نیە كە رێكخراوی چیا پیوەندی لەگەڵ چالانی ژینگەپارێز لە شارەكانی تری كوردستان و ئیران نەبێ، ئەڵبەت ئەو پێوەندیانە زۆرتر پێوەندی مەجازین، بەڵام لە ئەگەری پیویست بووندا ئەندامانی چیا بە كردەوەش هاریكاری ژینگەپارێزانی شارەكانی تری كوردستانیان كردوە و لەم پەیوەندیەدا تیمگەلێك لە مەریوانەوە بۆ كۆنتڕۆڵ و كوژاندنەوەی ئاگرەكان بۆ ماوەیەكی چەند رۆژە چوونەتە شارێكی تری كوردستان لەو ناوچانە كە ئاگریان لێكەوتۆتەوە بۆ وێنە تیمێك لە چالاكانی چیا بۆ كۆنترۆل و كوژاندنەوەی ئاگرەكان چوون بۆ شاهۆ و نزیك بە یەك حەوتوو لەوێ خەریكی چالاكی ئاگركوژاندنەوە بوون، ئەوەش بڵێم كە بەرین كردنی چالاكی بۆ رێكخراوێكی مەدەنی كە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە نەك هەر یارمەتی نادرێ، بەڵكوو بەردەوام كەند و كۆسپی بۆ دروست دەبێ زۆر ئاسان نیە و تەنانەت چیا لە بواری ماڵیشەوە ئەو توانایە لە خۆیدا شك نابا، دەنا چیا رێكخراوێكی ژینگە پارێزیە و ژینگەپارێزیش پیوەرێكی ئەخلاقی مرۆییە و تایبەتمەندیی ناوچەیی بە خۆوە ناگرێ.

كوردپا: جەنابت كەی دەستبەسەر كرایت و هۆكاری گیرانت چ بوو؟

فەرزاد حەق شناس: من رێكەوتی 28ی بانەمەڕی 1390، لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە گیرام و هەتا رێكەوتی ٩/٧/١٣٩٠ لە ژووری تاكەكەسیدا بووم، دیارە تاوانی من بۆ خۆیشم ناڕوونە، بەڵام ئەوەی كە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات هەوڵیان دەدا وەك تاوان بیخەنە ئەستۆی من ئەوە بوو كە من هاریكاری حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامیم كردووە لەم راستایەدا ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆریان كردم، هەر لە سەرەتاشەوە بەردەوام پێداگریان دەكرد كە دەبێ بڵێی خەریكی چالاكی سیاسیت و پێوەندیت بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەیە، كە ئەمەش تاوانێكی بێ بنەما بوو و لە راستیدا بەم جۆرە دەیانەوێ كۆمەڵگای مەدەنیی كوردستان بخەنە ژێر گوشار و ئاستەنگی دروست بكەن بۆ چالاكانی مەدەنی كورد.‌

كوردپا: بارودۆخی چالاكانی فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و ژینگە پارێز لەناو زیندان بوو و هەلسوكەوتی بەرپرسانی زیندان لەگەڵتان بە چ لەونێ‌بوو؟

فەرزاد حەق شناس: دیارە ئەمن هەر وەك لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێدا، لە ژووری تاكەكەسیدا بووم و وەك خۆیشم دەبێ بڵێم هەڵسوكەوتی زۆر نەشیاو و دژە مرۆڤیم لەگەڵ كراوە، بۆ وێنە بەهۆی ئازار و ئەشكەنجەی زۆرەوە رەوشی تەندوروستیم باش نەبوو، بەلام ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتەوە رەچاو نەكراو تەنانەت بۆ یەكجاریش نەیانبردمە بەر چاودێریەكی سەرەتایی پزیشكی و تەنانەت ئیزنی چاوپێكەوتنم لەگەڵ بنەماڵەكەم نەبوو، هاوكات رۆژانە بە شیوازی جۆراوجۆر ئەشكەنجەیان كردووم و جاری وابووە لەبەر ئەو ئەشكەنجانە بووراومەتەوە و چەندین جار لە كارەبا دراوم و...هەر بۆیە لە رەوشی ناو زیندانی گشتی ئاگادار نیم.

كوردپا: بە گوێری زانیارییەكانی خەڵكی دەوروبەری مەریوان دەست و پێوەندییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت سپای پاسداران لە سووتاندنی داسرتسان و لێڕەوارەكانی كوردستاندا دەستیان هەیە، ئایا جەنابت وەكوو ئەندامێكی ئەنجومەنی سەوزی چیا رات لەو بارەوە چیە؟

فەرزاد حەق شناس: ئە‌وە حاشا هەڵنەگرە كە كۆماری ئیسلامی خۆی هۆكاری سەرەكیی ئەو ئاگرانەیە، ئیمە چەند جار كە دەڕۆیشتینە شوێنی ئاگركەوتنەوەكان كەسانێكمان لەوێ دەبینی كە سیمایەكی ناسراون چ وەك بشێوێنكەی ئەمن و ئاسایشی خەڵك و چ وەك سیخوڕی هێزە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی، خەڵكی ناوچە ئاگرگرتووەكان بەشێك لەو تاوانبارانە دەناسن و دەزانن كێن، بەڵام بۆ رای گشتیش بە چەند هۆكاری سەرەكی ئاشكرایە كە رێژیم خۆی لە پشتی ئەو تاوانەوەیە و لە هۆكارانە دەكرێ ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەكی بكەین:
الف) پانتانی ئاگركەوتنەوەكان لە باشوور هەتا باكووری رۆژهەلاتی كوردستان دگرێتەوە و ئەوە بۆ چەند ساڵی بەردەوامە كە ئەو كارەساتە درێژەی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا تەنانەت یەك كەسیش لەو پێوەندیەدا و‌لە لایەن رژیمەوە نەگیراوە، ‌ئەمە لە حاڵێك دایە كە رۆژانە خەڵكی كوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بە تاوانی خەباتی سیاسی و چالاكی دژی رژیم دەستبەسەر دەكرێن و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.

ب) ئەو ناوچانەی وا زۆرترین خەساریان لە پەیوەندی لەگەڵ ئاگركەوتنەوەكان لێكەوتووە، نە شوێنی گەشت و گوزارن و نە سەرەڕێ و تەنانەت كەمترین ڕێبواریان لێدەكەوێ‌، بەڵكوو زۆرتر ناوچەگەلێكن كە بزووتنەەی رزگاریخوازی كورد لە كاتی بەربەرەكانێی چەكداریدا وەك سەنگەری خۆڕاگری كەڵكی لێوەرگرتوون.

ج) لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە ئەو ئاگركەوتنەوانە بەردەوام بوون، رژیم نەك خۆی لەمەڕ كۆنتڕۆڵ و كوژاندنەەی ئاگرەكان بە بەرپرسیار و خەمخۆر نازانێ بەڵكوو چالاكی ژینگەپارێزان و دانیشتوانی ناوچەكە ئاستەنگ دەكا و تەنانەت جاری وا هەیە كە رێگری لە كوژاندنەوەی ئاگرەكان دەكا، هاوكات ژینگەپارێزان دەخاتە بەر لێپرسینەوە و بە تاوانگەلی بێ بنەما بە حوكمگەلی قورسی زیندان مەحكوومیان دەكات.

كوردپا: سپاس بۆ قبووڵ كردنی ئەم وتووێژە
پڕۆفایل:
ـ فەرزاد حەقشناس كوڕی موحەممەدلاو لەدایك بووی 1355ی شاری مەریوان.
ـ چالاكی مەدەنی و بۆ ماوەی چوار ساڵ وەك ئەندامی چالاكی ئەنجوومەنی سەوزی چیای شاری مەریوان كە ریكخراوی ژینگەپارێزە چالاكی كردووە.
ـ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەریوان دەستبەسەر و بۆ ماوەی زیاتر لە 4 مانگ لە ژووری تاكەكەسیدا تەنیا بە تاوانی چالاكیی مەدەنی راگیراوە.
ـ بەهۆی زەخت و گوشاری ئەمنیەتی بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە و لە یەكێك لە وڵاتە دراوسێیەكانی ئێران نیشتەجێیە.