فەرزاد حوسێنی بە زیندان مەحکووم کرا

10:24 - 9 سەرماوەز 2720

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" چالاکێکی مەدەنیی کوردی بە ناوی "فەرزاد حوسێنی" تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی گوندی "دێوەزناو" و دانیشتووی شاری کامیاران، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو حوکمە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای لایەنگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە سەر ئەو چالاکە مەدەنییەدا سەپاوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەو حوکمەیان پێڕاگەیاندووە".

"فەرزاد حوسێنی" ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش سێ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تەمەنی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو چالاکە لەگەڵ ٩ چالاکی ژینگەپارێزیی دیکە بە ناوەکانی "هادی کەمانگەر، بەختیار کەمانگەر، عیسا فەیزی، مەهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی، فەرزاد حوسێنی، سیروان قوربانی، فازڵ قوەیتاسی و ئامانج قوربانی" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای لایەنگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، فەرزاد حوسێنی پاش سەردانی بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، لەسەر بڕیاری دادوەر "سەعیدی" دەسبەسەر کرابوو.