فەرانەک جەمشیدی بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی چاکسازی و پەروەردەی سنە کرا

17:43 - 20 جۆزەردان 2721

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردان، فەرانەک جەمشیدی، چالاکی ژینگەیی و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی کانوونی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە، کرا.

ئەو چالاکە ژینگەیە پاش بەنگهێشتکردنی بۆ لقی ٤ی جێبەجێی تاوانەکانی کەیفەریی شاری سنە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی کانوونی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە، کراوە.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩، ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"  بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووە و سەپاندنی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیرییەکەی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان ٩٩، بە پارێزەری دۆسیەکەی ڕاگەیندرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو چالاکە کوردە بە حوکمی دادگاییەکەی، ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیریی کەم کرابووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر٩٩، فەرانەک جەمشیدی پاش ١٣٥ ڕۆژ لە گرتنگە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، بۆ ماوەی سێ مانگ و ١١ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرابوو و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ژنان لە  زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو و هەروەها بڕیاری دڕێژکردنەوەی دەسبەسەریەکەی بۆ ٥ جار درێژ کرابووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی سالی ٩٩، ئەو چالاکە ژینگەییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتیییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان وەک کامپیۆتێر و موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

فەرانەک جەمشیدی پاییزی ساڵی ٩٧، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت کرا و سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی و هاوژینەکەی "ئارمین ئیسپرلوس" کە لەو کاتەدا دەسبەسەر کرابوو، لێپرسینەوەیان لێ کردبوو.