فەرانسە/ ئەگەری دانەخرانی ئەنستیتۆی کورد لە ئارادایە

21:21 - 3 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بێرنارد کوشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتی فەرانسە و دامەزرێنەری \"رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور\" لە نامەیەکدا داوای لە سەرکۆماری وڵاتەکەی کردووە کە پێش بە داخرانی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بگرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بێرنارد کوشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرانسە لە نامەیەکدا داوای لە فرانسو ئولاند سەروکۆماری وڵاتەکەی کردووە، لە ئەنیسیتۆی کورد لە پاریس پشتیوانیی ماڵی بکات.

لەو نامەیەدا بێرناردکوشنێر باسی هاوکاریی نەتەوەی کورد و دەوڵەتی فەرانسەی کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە نەتەوەی کورد بە تەنیا نوێنەرایەتیی هەموو جیهان لە شەر دژی تیرۆر دەکەن، نەتەوەی کورد تەنیا نەتەوەیەکن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوەڕیان بە یەکسانی ژن و پیاو، دیمۆکراسی و ئاشتی و پێکەوە ژیان هەیە.

هەر لەو نامەیەدا بێرنارد کوشنێر باسی مێژووی ٣٢ ساڵەی ئەو دامەرزاوە فەرهەگییە و چالاکییەکانی ئەو ئەنستیتۆیە لە راستای پەرەسەندنی دیمۆکراسی کردووە.

لەم چەن ماوەی دواییدا، هەواڵی داخرانی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بە هۆی کێشە ماڵیەوە بڵاو بووەوە و ئەمەش نیگەرانیی کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگیە کوردەکان و هەروەها لێکۆڵەرە ئۆرووپایەکانی لێکەوتەوە.

\"27068.jpg\"
بێرنارد کوشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرانسە
پێشتر لەو پەیوەندیەدا، بەرپرسی ئەنیسیتیۆی کورد لە وتووێژێکی تایبەتدا بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو: لە داهاتوویەکی نزیکدا روون دەبێتەوە کە ئەنستیتۆی کورد چالاکیەکانی خۆی درێژە پێ دەدات یان لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە دادەخرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا \"فریدریک تێسۆ\" سەرکۆنسوولی پێشووی فەرانسە لە هەرێمی کوردستان، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی: داخرانی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، خەسارێکی قەرەبوو نەکراوی بۆ کوردەکان لێ دەکەوێتەوە

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە کەسایەتییە فەرانسەوییەکان داخرانی ئەو ناوەندە فەرهەنگیەیان بە کۆتایی هاتن بە مێژووی پڕبەرهەمی کوردستان ـ فەرانسە لە قەڵەم داوە.

ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینیەوە دامەزراوە و رێکخراوێکی سکۆلار و مەدەنییە و پاراستنی مێژوو و فەرهەنگی کوردستان ئامانجی سەرەکیی ئەو رێکخراوە هەژمار دەکرێت.

ئەو ئەنستیتۆیە هەروەها لە راستای ناساندنی مێژووی نەتەوەی کورد بە توێژەر و لیکۆڵەرانی رۆژئاواکاری جیدی کردووە.

ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، ١٠ سال پاش دامەزراندنی، لەلایەن دەوڵەتی فەرانسەوە بە فەرمی ناسرا.