فەتانە وەلیدی سەرقاڵی نۆژەن كردنەوەی گۆرانیی فۆلكلۆری كوردیە

15:08 - 20 بەفرانبار 2711
كوردپا: شەریف وەلیدی باوكی فەتانە وەلیدی، خانمە هونەرمەندی كورد وتی: فەتانە بۆ نۆژەن كردنەوەی چەند گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردی و دووبارە خوێندنەوەیان سەرقاڵی راهێنانە.

شەریف وەلیدی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی كوردپرێس لەمەڕ باری تەندروستیی فەتانە رایگەیاندووە بەختەوەرانە فەتانە لە دۆخێكی باشی جەستەیی و رۆحی دایە و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بە مەبەستی نۆژەن كردنەوەی چەند گۆرانیەكی فۆلكلۆری كوردی و هەروەها ئاهەنگە كۆنەكانی خۆی بە هاوڕێیەتی چەند ژەنیارێك سەرقاڵی راهێنانە و بە تەمای كاری نوێی هونەریە.

شەریف وەلیدی كە بۆ خۆی یەكێكە لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی رابردوو ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە پێشتر هێندێ‌ لە راگەیەنە كوردییەكان بە گەورە كردنەوەی هەواڵی نەخۆشیی فەتانە تەنیا بوونە هۆی دڵڕەنجان و ناڕەحەتیی خۆی و بنەماڵەكەی و ماوەیەك لەمەوپێش هەواڵدەرییەكان هەواڵی كۆچی دوایی فەتانەیان بڵاو كردەوە كە بڵاو كردنەوەی هەواڵی ناڕاست بەدوورە لە ئەخلاقی راگەیاندن.

فەتانە وەلیدی لە ماوەی ژیانی خۆیدا چەندین گۆرانیی نەمر و بەنرخی تۆمار كردووە كە دەكرێ‌ ئاماژە بە \" ئەی یاری نازدار، دەیدەی گریان، لایە لایە، لەسەر كانی، شیرین و كەومل كەومل كە\" بكەین.

فەتانە وەلیدی ئێستا لەگەڵ باوكی لە گوندی حەسەن ئاوا هەڵكەوتوو لە پێنج كیلۆمیتری شاری سنە دەژی.