فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەیی بۆکان کۆتایی بە کارەکانی هێنا

01:54 - 16 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەیی بە سەرپەرشتی عوسمان محەممەدی ناسراو بە \"عوسمانە سوور\" لە هۆڵی \"سیمۆرغ\"ی شاری بۆکان بەڕێوەچوو.

ماڵپەڕی \"کوردپرێس\" بڵاوی کردەوە، لەو فێستیڤاڵەدا ٣ گروپ لە بەشەکانی شێعر، مۆسیقای کلاسیک، مۆسیقای ناوچەیی و بەیت و حەیران لە ماوەی رۆژەکانی ١٠، ١١ و ١٤ی رێبەنداندا چالاکییان نواند.

لە رۆژی یەکەمی ئەو فێستیڤاڵەدا، یەکەم گروپ لە بەشی شێعر و مۆسیقای کلاسیک بە سەرپەرشتی \"ئەرەستوو سۆهرابی‌نیا\" شێعر و مۆسیقایان پێشکەش بە بەشداران کرد.

لە بڕگە جیاجیاکانی یەکەم رۆژی ئەو فێستیڤاڵەدا هەر کام لە شاعیران محەممەد سەعید نەجاڕی ناسراو بە \"مامۆستا ئاسۆ\"، \"ئەمین گەردیگلانی\" و \"محەممەد حوسێن‌پوور\" بە خوێندنەوەی چەندین پارچە شێعر و هەروەها \"ئەرەستوو سۆهرابی نیا\" بە وتنی گۆرانی بەشدارییان لەو فێستیڤاڵەدا کرد.

هەروەها لە رۆژی دووەمی ئەو فێستڤاڵەدا گروپی \"هاواری نیشتمان\" بە سەرپەرشتی \"رابەر یوسف‌خانی‌\" چەندین بەرنامەیان پێشکەش کرد.

لە رۆژی ١٤ی رێبەندان بە بەشداری گروپی بەیت و حەیران و بە سەرپەرشتی عوسمان محەممەدی ناسراو بە \"عوسمانە سوور\" هەروەها بە ژەنینی ئامێری نەرمە نایە کۆتایی بە کارەکانی هات.