فێستیڤاڵی سینەمایی كەنداو بە فیلمێكی كوردی دەست پێدەكات

15:14 - 14 خاکەلێوه 2712
كوردپا: فیلمی كوردی \"دڵی سوور\" لە دەرهێنانی هەڵكەوت مستەفا، وەك فیلمی دەسپێكی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی كەنداو، نمایش دەكرێت.

ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای فیلم هاوسی نۆروێژی، ئیگل ئۆدەگۆرد، بە دەزگاكانی راگەیاندنی رایگەیاندووە، فێستیڤاڵی كەنداو پێی راگەیاندین كە فیلمی \"دڵی سوور\"یان بۆ ئاهەنگی دەست پێكردنی فێستیڤاڵەكە هەڵبژاردووە.

پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی كەنداو، لە 22 هەتا 28ی مانگی خاكەلێوە لە هوتێل ئەنتیرناسیۆناڵ لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت.

ئۆدگۆرد، ئەوەشی خستە روو، دەرهێنەری فیلمی \"دڵی سوور\" هەڵكەوت مستەفا كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانە، لە كاتی نمایش كردنی فیلمەكەی لە فێستیڤاڵی كەنداو ئامادە ببێت.

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی كەنداودا 160 فیلمی نمایش دەكرێن و چەندین چالاكی سینەماییش بەڕێوە دەچن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای فیلم هاوسی نۆروێژی، ئاماژەی بەوەش دا، هەڵكەوت مستەفا بۆ بینینی یاریی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا و بە مەبەستی بەشداری پێكردنی هەردوو یاریزان لیۆ مێسی و كریستیان رۆناڵدۆ، لە فیلمە تازەكەیدا، سەردانی ئیسپانیا بكات.

فیلمی \"دڵی سوور\" پێشتر لە ئەمریكا، وڵاتانی ئورووپا و ئاسیا نمایش كراوە و لەلایەن كۆمپانیای واید مەنجمێنتی فەرانسەییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو دەكرێتەوە.