فێرگەی سینەمایی "هەرمانگ" لە هەولێــر دامەزرا

22:28 - 18 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: فێرگەی سینەمایی \"هەرمانگ\"، بە مەبەستی پەروەردە کردن و برەودان بە کاری سینەما و تەلەفزیۆن و پیشەی ئەکتەری، لە هەرێمی کوردستانی ئێــراق دەستی بە کار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەر دەستی بەهمەن قوبادی سینەماکاری ناسراوی کورد و هەروەها بە هاوکاریی کۆمەڵێک ئەکتەری سینەمای وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپایی، فێرگەیەکی سینەمایی لە ژێر ناوی \"هەرمانگ\" لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لە فێرگەی هەرمانگدا خولەکانی فێــرکاریی وەک: \"فیلم‌نامەنووسی، فیلم هەڵگرتن،مۆنتاژ، ئەکتەری، دووبلاژ و دەرهێنەری\" بەڕێوە دەچێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو کەسانەی کە هێچ پێشینەیەکیان لە کاری سینەمادا نییە، دەتوانن لەماوەی ٦ مانگدا شارەزایی پێویست بۆ کار کردن لە کاری سینەما و تەلەفزیۆن‌دا بەدەست بێنن.

هاوکات کەسانی سەرکەوتوو لەهەر کام لە خولەکانی فێرگەی هەرمانگدا، بە پشتیوانیی ماڵی ئەو فێرگەیە دەوتوانێ لە زانکۆی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی‌دا درێژە بە خوێندن بدات.

لەو فێرگەیەدا بە زمانی کوردی وانەکان دەوترێتەوە و سەرجەم مامۆستاکانیش لە هونەرمەندانی بواری سینەمای وڵاتانی ئەمریکا، ئورووپا و ئێــران دەبن.

ئۆگرانی بەشداری کردن لە \"فێرگەی هەرمانگ\"دا دەتوانن لە رۆژانی ١١، ١٢ و ١٣ی مانگی سێپتامبـر لە هوتێل چوارچرای شاری هەولێــر (پایتەختی هەرێمی کوردستان) ناونووسی بکەن.