فێرگەی سۆما، دیپلۆمی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی بە ٤٠ هاووڵاتیی شنۆیی بەخشی

19:40 - 27 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ٤٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری شنۆ، کەلە خولێکی پەروەردەو فێربوونی زمانی کوردیدا بەشدارییان کردوو، دیپلۆمی زمان و ئەدەبیاتی کوردیان پێ بەخشرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردیی \"سۆما\" لە شاری شنۆ، بڕوانامەی دیپلۆمی شانازیی پێشکەش بە ٤٠ کەس لە سەرکەوتوانی خولی فێربوونی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرد.

عومەر محەمەدی، بەرپرسی کانوونی شێعر و چۆرۆکی کوردی لە شاری شنۆ رایگەیاند؛ کارگەی شێعر و چیرۆکی کوردی لە بەشی پەروەردەی زمانی کوردیدا و لە سێ ئاستی نووسین، خوێندنەوەو رێزمانی کوردیدا چالاکی دەکات و هەتا ئێستا ٤٠ کەس لە هاووڵاتییانی ئەو شارە لەو بەستةیەدا چالاکی دەکەن.
بەرپرسی ئەنجومەنی شێعر و چیرۆکی کوردیی سۆما گوتووشیەتی؛ جگە لە کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی کوردی، کارگەی شڕۆڤە و تاوتوی کردنی شێعری کوردیش بەڕێوە دەچێت و تیایدا شێعری شاعیرانی وەک هێمن، هەژار، گۆران، قانع، سوارەی ئیلخانی زادە دەخرێنە بەر شڕۆڤە و تاوتوێ کردن.

محەمەدی لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە؛ کتێبێکی لەژێر ناوی \"فێربوونی سەرەتایی زمانی کوردی بە شێوەی ساکار\" ئامادە کردووەو بەمزوانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

فێرگەی زمانی کوردیی سۆما، کە ماوەی ١١ ساڵە دامەزراوە، ناوەندە سەرەکییەکەی لە شاری مەهابادە و بەربلاوترین ناونەدی سەربەخۆی فێرکاریی زمان و ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران دادەندرێ و بە گوتەی بەرێوەبەرانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، سەدان مامۆستا و زیاتر لە ١٢ هەزار خوێندکاری هەبووەو لە ئیستادا نوێنەرایەتی لە ٤٥ شار، ٢٣٠ گوند و ٣٢ زانکۆدا هەیە.