٥ فیلمی کوردی لەشاری شنۆ نمایش دەکرێــن

21:29 - 3 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥ فیلمی کورت و نیوەدرێــژی کوردی و هەڵبژێردراوی فستیڤاڵە ئوستانی و سەرتاسەرییەکانی ئێران لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە تەلاری \"وەحدەت\"ی شاری شنۆ نمایش دەکرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥ بەرهەمی سینەمایی ٢ دەرهێنەری کورد بەناوەکانی \"حوسێن بەلەدی\" خەڵكی شاری شنۆ و \"ناجیە سەلیمی\" کچە دەرهێنەری کورد بۆ ماوەی یەک مانگ بەهاوکاریی ئیدارەی پەروەردەی شاری شنۆ دەچنە سەر پەردەی نمایش.

فیلمی \"تەوژمی ساردی ژیان\" لە دەرهێنانی حوسێن بەلەدی کە چیرۆکی پیرە پیاوێکی لەخۆ گرتووەو دەیهەوێ لە وەرزی زستاندا دیارییەک لە رێگەی کارتۆن فرۆشییەوە بۆ هاوسەرەکەی بکرێت، یەکێک لەو فیلمانەیە کە نمایش دەکرێت.

هەروەها فیلمی \"ئاخاوتنی شوانکارەیەک\"، بەرهەمێکی دیکەی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە کە باس لە چیرۆکی شوانێک دەکات کە سەوداسەر و ئاشقی مامۆستای قوتابخانەی گوندەکەیان بووە.

\"ناسۆر\" بەرهەمێکی دیکەی \"حوسێن بەلەدی\"ـیە کە چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە کەلە تەمەنی منداڵیدا لە کورێک مارە کراوە و هەنووکە کچەکە خوێندەوار بووە ملکەچی ئەو شوو کردنە نابێت و کێشە بنەماڵەیی لەنێوان بنەماڵەی ئەو کوڕ و کچەدا دێتە ئاراوە.

هەروەها فیلمی تازەبووک لە دەرهێنانی \"ناجیە سەلیمی\" کچە دەرهینەری کورد، کە باس لە رەسمی \"ژن بە ژنە\"ی نێو کوردەواری دەکات کە تێیدا کوڕێک بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی خوشکە جوان و جەحێڵەکەی لە پیرە پیاوێک مارە دەبڕێ.

فیلمی \"شەیدا\" لەدەرهێنانی \"ناجییە سەلیمی\"ـە باس لە چیرۆکی شووکردنی کچێکی سەردەشتی بەناوی \"شەیدا\" دەکات کە لەو رۆژەدا شاری سەردەشت کیمیا باران دەکرێت و بەوهۆیەوە تووشی خەمۆکی دەبێت و ماوەی چەندین ساڵ لە جلی بووکێنیدا دەمێنێتەوە.

حوسێن بەلەدی رایگەیاندووە، \"دڵنیا کامووسی، سۆزان بەلەدی، یۆسف فتووحی، ئیسماعیل موکری، حوسێن بەلەدی، گوڵاڵە خەیاتی، داریووش نەجەفی، شەفیع بەلەدی، سەلیم خزری، رەحیم قاسملوویی و زەینەب شەکیبا\" وەک ئەکتەر لەو فیلمەدا رۆڵ دەینن.

نمایش کردنی ئەو ٥ فیلمە لە رۆژی ١ی گەلاوێژەوە دەستی پێکردووەو هەتا کۆتایی مانگی گلاوێژ بەردەوام دەبێت کەلە ٣ شیفتی بەیانی، ئێوارەو شەودا (بەیانیان ٢ فیلم و ئێواران ٣ و شەوانە ٢ فیلم ) نمایش دەکرێن.
\"14172.jpg\"

\"14175.jpg\"

\"14174.jpg\"