فیلمی \"نووسین لەسەر شار\" لە فێستیڤاڵی مۆن پیلە نیشان دەدرێت

16:36 - 3 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: فیلمێکی دێکۆمێنتاریی بەرهەمی سینما کارێکی کورد لە فێستیڤاڵی مۆن پیلە لە وڵاتی فەڕانسە بڵاو دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی \"نوشتن بر شهر\" لە دەرهێنەری کورد \"کەیوان کەریمی\" لە فێستیڤاڵی مۆن پیلەی وڵاتی فەڕانسە لەگەڵ دوو فیلمی دیکەی ئێرانی بە ناوەکانی \"تاکسی\" لە دەرهێنەریی جەعفەر پەناهی و هەروەها فیلمی \"فی فی لە خۆشیاندا دەلوورێنێ\" (فی فی از خوشحالی زوزە می کشد)، بە دەرهێنەریی میترا فەراهانی لەو فێستیڤاڵەدا بڵاو دەبێتەوە.

فێستیڤاڵی مۆن پیلە ڕۆژی (شەممە ١٢ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ٢ی جولای )لە وڵاتی فەڕانسە بەڕێوە دەچێت.

فیلمی دێکۆمێنتاریی نووسین لە سەر شار، باس لە مێژووی نووسین لەسەر دیوارەکان و گرافیکەکانی شاری تاران دەکات و ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرهەم هێنراوە و هەتاکوو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر پێشان داوە.

کەیوان کەریمی پاش بەرهەم هێنانی فیلمی دێکۆمێنتاریی نووسین لە سەر شار و بڵاوکردنەوەی پێش وەختی لە یوتیوب، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا، دەستبەسەر و پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە ڕاگرتنی ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ئێڤین، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەروەها فیلمە دێکۆمێنتارییەکانی \"سنووری شکاو\" و \"بەسەرهاتەکانی ژن و مێردێکی کرێکار\" لە دیکەی بەرهەمەکانی ئەو سینماکارە کوردەن و فیلمی سنووری شکاو، باس لە بەسەرهاتی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی کوردستان دەکات و لە ٦٥ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی‌دا بڵاو کراوەتەوە و هەتاکوو ئێستا ٩ خەڵاتی بەدەست هێناوە.

کەیوان کەریمی، دەرچووی ڕشتەی مودیرییەتی ڕاگەیاندنە و برای هونەرمەندی بەناوبانگ و کۆچکردوو \"تەها کەریمی\"یە.