فیلمی \"عەزیز و کوبڕا\" لەشاری بۆکان چووە سەر پەردەی سینەما

14:45 - 31 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: فیلمی دیکیۆمێنتاریی \"عەزیز و کوبڕا\" کە باس لە چیرۆکی ئەڤینداریی دوو لاوی ناوچەی هەوشار دەکات، دوای رێگریی لە بڵاو بوونەوەی لەشاری سایین قەڵا، لەشاری بۆکان نمایش کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی کوردی عەزیز و کوبڕا لەدەرهێنەریی سینەماکاری کورد مەحموود میرزایی، کە باس لە چیرۆکی تراژیدیی ئەڤیندارییەک لە ئاوایی \"گوێ‌ئاغاچ\"ی ناوچەی هەوشار دەکات، بە بەرهەمێکی بەنرخی ئەدەبی میللیی ناوچەی هەوشار ئەژمار دەکرێت.

لەو فیلمە ٩٠ خولەکییەدا ژیان و خۆشەویستی نیوان دوو کەس بەناوەکانی عەزیز و کوبرا خراوەتەڕوو، کە تێیدا باوکی کوبڕا رێگرە لەپێکگەیشتنیان و کوبڕا بەناچاری ناوچە و زێدی خۆی بەجێدێڵێ‌و هەڵدێت.

ماوەیەک لەمەوبەر دەرهێنەری فیلمەکە رایگەیاندبوو، فەرمانداریی شارستانی سایین قەڵا (شاهیندژ) رێگری لەنمایش کردنی فیلمی \" عەزیز و کوبڕا\" کردووە و ئەوەشی خستبووەڕوو، فیلمەکە لەشاری بۆکان نمایش دەکەم.

فیلمی عەزیز و کوبڕا لە ئاوایی نەبی کەند، \"ترمکچی\"، تەختی سلێمان، ئەحمەد ئاوا، نەبی کەندی و ئاوایی ئختار کاری وێنەگرییەکەی ئەنجام دراوە.

لەحاڵی حازردا ئەو فیلمە لەرێکەوتی ٣٠‌ی خاکەلێوەوە بۆ ماوەی یەک حەفتە نمایش کردنی لە پارکی میللەتی بۆکان دەستی پێکردووە و بڕیارە لەشارەکانی مەهاباد، سەقز و چەند شارێکی دیکە بچێتە سەر پەرەدەی سینەما.