فیزیکناسێکی کورد لە ئێران ئێعدام کرا

15:31 - 17 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا:حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی لەناکاو بیرمەندێکی پڕۆژەی ئەتۆمیی خۆی لەسێدارە دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی شارام ئەمیری، فیزیکناسی خەڵکی کرماشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.

ئەم هەواڵە ئەوەندە لەناکاو و چاوەڕوان‌نەکراو بوو کە شوێنی ئێعدام‌کرانەکەشی تا ئێستا نادیارە.

دایکی شارام ئەمیری لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕەکانی دەرەوەی ئێران، هەواڵی لەسێدارەدانی کۆڕەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

مەرزیە ئەمیری باسی لە بینینی شارام لە ڕۆژی سێشەممە، پانزدەی گەلاوێژ لە شاری تاران کردووە و کوڕەکەی گوتوویەتی کە ئەمە دوایین دیدارە و بەمزووانە ئێعدام دەکرێت.

هەربەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، تەرمی ئەو توێژەر و پسپۆڕەی ڕادیۆئیزۆتۆپی پزیشکی کە ئاسەواری تەناف بە ملیەوە دیار بووە، گوازراوەتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی لە کرماشان و بەخاکسپێردراوە.

حکوومەتی ئێران لە مانگی گەلاوێژدا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی کوردیکە زۆربەیان چالاکی مەزهەبی بوون لە زیندانەکانی ڕەجایی شار، خۆی، سەقز، سەڵماس و ... لەسێدارە داوە.

ماڵپەڕی \"ایران وایر\" لەزاری سەرچاوەیەک لە تاران بڵاویکردەوە کە زەخت و گوشار لەسەر بنەماڵەی شارام ئەمیری زۆر زیاتر بووە لە گوشار لەسەر بنەماڵەی سەعید ئیمامی و مەرگی شارام وەک نهێنییەک دەمێنێتەوە.

شارام ئەمیری کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ لەکاتی سەفەری حەج، ون بوو کە دواتر دەرکەوت کە لە ئامریکادایە و پاشان لە ٢٤ی پووشپەڕی ٨٩ بە پێشوازی فەرمی دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد گەڕایەوە بۆ ئێران.

ناوبراو ماوەیەک دوای گەڕانەوەی، دەستبەسەر و لە مانگی جۆزەردانی ٩١ لەلایەن لقی حەوتی دادگەی نیزامی تاران بە ١٠ ساڵ زیندانی و ٥ ساڵ دوورخستنەوە بۆ بەلووچستان حوکم درا.