فیرووز مووسالوو، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

18:23 - 30 جۆزەردان 2722

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، فیرووز مووسالوو، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام خەڵکی بەخشی قوتووری خۆی، لە زیندانی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، بەرپرسی زیندانی ورمێ ئەو زیندانییەی بە بیانووی تاوتوێکردنی دۆسیەکەی، لەلایەن هەیئەتێکی دەزگای داد، لە بەندی زیندانییانی سیاسی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوازراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوشی خستەڕوو: "ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، فیرووز مووسالوو لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیارڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

هەتا ئێستا لە هۆکاری گواستنەوەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکوومە بە ئێعدامە بۆ شوێنێکی نادیار، زانیارییەکی ورد بەدەست نەهاتووە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و دادگا بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" ناوبراوی بە لەسێدارەدان مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، بەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە کوردە پاش ٥ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە چەند ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران بە ئەماننامەی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، پاش خۆناساندنی بە سپای سەردەشت دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ گوازرابووەوە.

"فیرووز مووسالوو" لە حاڵێکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو کە بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت.