فیرووز مووسالوو زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا

11:15 - 31 جۆزەردان 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان، "فیرووز مووسالوو"، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی بەخشی قوتووری شاری خۆی، بە نەهێنی لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی جێبەجێ کرابوو.

هەواڵدەریی "فارس" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی وەرگیراو لە پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ، بەبێ ئاماژەکردن بە شوناسی ئەو زیندانییە سیاسییە، لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەو زیندانییە سیاسییە ئێعدامکراوە لە زیندانی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

 ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، بەرپرسی زیندانی ورمێ ئەو زیندانییەی بە بیانووی تاوتوێکردنی دۆسیەکەی لەلایەن هەیئەتێکی دەزگای دادەوە، لە بەندی زیندانییانی سیاسی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگواستبوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و دادگا بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" ناوبراوی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.

ئەو حوکمە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، بەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە کوردە پاش ٥ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە چەند ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران بە ئەماننامەی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، پاش خۆناساندنی بە سپای سەردەشت دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ گوازرابووەوە.

"فیرووز مووسالوو" لە حاڵێکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو کە بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت.