فیرووز مووسالوو، ئاوڕدانەوەیەک لە ژیانی هەتا لەسێدارەدانی نهێنی و نادادپەروەرانە

10:16 - 13 رەزبەر 2722

ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی فیرووز مووسالوو، زیندانیی سیاسیی کورد بە بێدەنگی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە و ڕەوتی نادادپەروەرانەی ئەم بەدواداچوونە، وەک جێبەجێکرانی حوکمەکە و لەسێدارەدرانەکەش نادادپەروەرانە بوو.

ناوبراو لەو زیندانە سیاسییانە بوو کە سەرەڕای چەندین جار مانگرتن لە خواردن، ناچار کرا بەوەی کە بازسازیی سەحنەی تۆمەتە وەپاڵداوەکان و دۆسییەسازییەکەی ئیتلاعاتی سپا دژ بە خۆی بکات، پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە و دۆخی ئەم زیندانییە لە بێدەنگیی تەواودا ڕووی دا و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی بە بێدەنگی جێبەجێ کرا.

کوردپا لەم ڕاپۆرتەدا، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕو. کوردپا ڕایدەگەینێ کە زیندانییانی سیاسیی وەکوو فیرووز مووسالوو کە ڕەوتی دادگایی کردنیان لە بێدەنگیی میدیاکاندا و بەهۆی هەڵاواردنی چەند قات بەڕێوەدەچێ، دۆسییەسازی و لەسێدارەدانیشیان بۆ کۆماری ئیسلامی کەم تێچووترە.

سەبارەت بە فیرووز مووسالوو؛

فیرووز مووسالوو، کوڕی حەمایل و قادر، لە یەکی ، بانەمەڕی ١٣٧١ی هەتاوی، لە گوندی "حەبەشەی خوار" سەر بە ناوچەی کوتولی خۆی لەدایک بووە، ناوبرا تا پۆلی ٤ی سەرەتایی درێژەی بە خوێندن داوە و دواتر دەستی بە کاری فەرش چنین کردووە و دواتریش سەرقاڵی کاروباری سافکاری بووە.

فیرووز مووسالوو لە ساڵی ١٣٩٢دا دەچێتە ڕیزی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.‌ک‌.ک) و لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٨، پاش هاواهەنگی لەگەڵ بنەمالەکەی بۆ وەرگرتنی ئەماننامە لە پاگانی برووجێردی سپای پاسداران لە شەقامی وەحدەتی ورمێ و ڕادەستکردنەوەی بە سپای سەردەشت، دەچێتەوە خاکی ئێران.

دەسبەسەرکرانی فیرووز مووسالوو؛

فیرووز مووسالوو پاش گەڕانەوە لە سنووری سەردەشت دەگەڕێتەوە لای بنەماڵەکەی و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای سەردەشتەوە دەسبەسەر کراوە و پاش ١٠ ڕۆژ، رادەگوازرێتەوە بۆ گرتنگەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ.

ناوبراو ماوەی ٩٠ ڕۆژ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە و لەم ماوەیەدا ٨ جار لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنیی هەبووە، لەم ماوەیەدا و پاش ٤٠ ڕۆژ، دادوەر "حسەینی"، ، دادوەری دادگای ئینقلابی سەردەشت بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو داوای بارمتە دەکات بەلام دواتر لە وەرگرتنی بارمتەکە خۆی ئەبوێرێ.

مووسالوو لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

بەپێی دادنامەی فەرجام خاهییەکەی (فرجام خواهی)، کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ دا ئاماد کراوە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا پێێ دەوترێ کە لە ئەگەری دانپێدانان بە بەشداری کردن لە هەندێ موئموورییەت و دەرگیریی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، ئازاد دەکرێت کە دواتر قەبووڵکردنی ئەم داواکارییە و دانپێدانانەکانی لە دادگادا لە پێدانی حوکمی لەسێدارەدانەکەیدا کەڵكیان لێ وەرگیرا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مووسالوو، ناوبراو لە ماوەی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا تەنیا کاری ئاشپەزیی کردووە و لە هیچ دەرگیری و مەئموورییەتێکدا بەشداریی نەکردووە.

مووسالوو پاش ٣ مانگ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی خۆی راگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و لە بەندی زیندانییانی سیاسیدا دەمێنێتەوە، کە بنەماڵەکەشی دوای یەک مانگ دەتوانن بۆ چەند جار بیبینن.

ناوبراو لە زیندانی ورمێدا ٦ جار داوای مەرەخەسیی کردووە، هەروەها ٦ جاریش مانی لە خواردن گرتووە بەلام هیچ ولامێکی پێ نەدراوەتەوە.

حوکمی دادگای فیرووز مووسالوو؛

٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، فیرووز مووسالووی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پ‌.ک‌.ک، کردەوەی چيکدارانە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و موحاربە لە ڕێگەی بەشداری لە تاڵانکردن بە شێوەی گرووپی و بە ئامانجی دژایەتی لەگەڵ نیزام" بە سێدارە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرا و لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات بە پێڕەوی لە بەندی ئەلفی ماددەی ٤٦٩ی ئایینی داددڕەسی کەیفەری، وێرای ڕەتکردنەوەی ناڕەزایەتی بە حوکمەکە، دادنامەی دەرکراوەکەی لە دادگای سەرەتاییدا تەئید کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١دا بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا. بە وتەی یەکێک لە خزمەکانی ناوبراو، ئەوان هەواڵی لەسێدارەدرانەکەیان لە میدیا کوردییەکاندا بینیوە و تەنیا لە سێ مانگ پێشترەوە زانیویانە کە حوکمی لەسێدارەدرانەکەی جێبەجێ دەکرێ. پارێزەرەکەشی کە لەلایەن دادگاوە بۆی دیاری کراوە، هەواڵی لەسێدارەدرانەکەی لە بنەماڵەکەی شاردووەتەوە. تەنانەت لە دوای لەسێدارەدرانەکەشی هیچکەس پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتووە و ئەوان پاش چوون بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ و لە ڕێگەی دادوەر مەجیدییەوە کە دۆسییەکەی مووسالووی پێ بووە، زانیویانە کە لەسێدارە دراوە.

داخوازیی رادەستکردنەوە و تەنانەت نیشاندانی تەرمی فیرووز مووسالوو بە بنەماڵەکەشی ڕەت کراوەتەوە و تەنیا دوو ڕۆژ پێش لە لەسیدارەدرانەکەی لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەمالەکەی وتووە کە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و دواتر زانیویانە کە حوکمی لەسێدارەدانەکەی سەعات ١ی نیوەشەو لە ماوەی ٢٠ خولەکدا جێبەجێ کراوە.

ئێستاش داخوازیی ئەم بنەماڵەیە ئاگاداربوون لە شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەیانە. ئەوان دەڵێن، "سەرەڕای هەبوونی ئەماننامە لەسێدارە درا. بۆچی لە تەرمەکەی دەترسێن؟ بۆچی ڕادەستی ناکەنەوە؟ ئێمە ئەمانەوێ تەرمەکەی ببینین."