فڕۆکەوانێکی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە لە بەرەبەری کوێربووندایە

15:18 - 28 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: فڕۆکەوانێکی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە لە زیندانی ئێوین، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، ئەگەری لەدەستدانی چاوەکانی هەیە.

هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردەوە، زیندانیانی ئەمنیەتی لە بەندی ٧ی زیندانی ئێوین لەگەڵ کەمتەرخەمیی بەرپرسان و بەشی پزیشکیی ئەم زیندانە بەرەوڕوون و ئەمەش وای کردووە کە بەشێکیان لەگەڵ کێشەی جیددی جەستەیی بەرەوڕوو بن.

یەکێک لەو زیندانیانەی بەندی ٧، یەعقوب مەلکی، فڕۆکەوانی دەستبەسەرکراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەیە کە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، ئەگەری لەدەستدانی چاوەکانی لە ئارادایە و سەرەڕای داواکاریی بەردەوامی ناوبراو لە بەرپرسان بۆ چارەسەری، بە تەواوی لە پەراوێز خراوە و دۆخی جەستەیی ناوبراوی بردووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

بەشێکی دیکە لەم زیندانیانە کە دۆخێکی هاوشێوەی یەعقوب مەلکیان هەیە، بریتین لە مورتەزا ڕەحیم تائێفە، جەعفەر شاکری، بێهزاد میرزایی، مستەفا ڕەحیم بەسەری، ئۆمید شامۆرادی، عەلی ئەعلایی، کەماڵ فروغی، غوڵامڕەزا حسەینی و عەلی گۆڵی پوور.

تۆمەتی وەپاڵ دراوی زۆربەی ئەم کەسانە بریتییە لە سیخوڕی کردن و پێوەندی گرتن بە دوژمنەوە.

کاپتان یەعقوب مەلکی لەدایکبووی ساڵی١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری ورمێیە. ناوبراو یەکێک لە فەرماندە بەئەزموونەکانی هێزی هەواییە کە پاش تەواو کردنی خوێندنەکەی لە ئامریکا ماوەی ٦٣ مانگ بەشداریی لە شەڕی ئێران و عێراقدا کرد کە دواتر بەهۆی ئەشکەنجەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئازاردانی چاوەکانی لە لایەن لێکۆڵەرەکانی ئیتلاعاتەوە، توشی کێشەی جیددی بۆتەوە.

لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر پیرعەباسی لە ٢٣ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠دا بەبێ بەڕێوەبردنی دادگا و پرسیار و وەڵام، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری بە تۆمەتی پێوەندی گرتن بە دوژمنەوە، بە سەر ناوبراودا سەپاند.