فواد مەهدی ئیبراهیمیان لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لاقی لەدەست دا

12:02 - 8 رەشەمه 2721

فواد مەهدی ئیبراهیمیان، کۆڵبەری تەمەن ٢٤ ساڵە خەڵکی شاری سەردەشت کە ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری بانە، بە سەختی بریندارببوو، لاقی ڕاستی لەو ڕووداوە، لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لاقی ڕاستی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە شاری تەورێز نەشتەرگەری بۆ کراوە و پزیشکەکان لاقی ئەو کۆڵبەریان بڕیوەتەوە.

ئەو سەوچاوەیە هەروەها دەڵێت: چاوی چەپی ئەو کۆڵبەرە ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە، لە نەخۆشخانەی نیکوکاری تەورێز، نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و بنەماڵەکەی نیگەرانی ئەوەن ئەو کۆڵبەرە چاوی چەپیشی لە دەست بدات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو: فواد لەمەڕ ئەو ڕووداوە بەردەوام دەڵێت کە پاش ئەو ڕووداوە ژیان چ نرخێکی هەیە.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، "فواد مەهدی ‌ئیبراهیمیان" لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە، بە سەختی بریندار و سەرەتا ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە، کرابوون.