فواد عینایەتی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی نەورۆز دوای ٣٧ ڕۆژ لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:37 - 9 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕ، فواد عینایەتی دوایین دەسبەسەرکراوی ڕێوڕەسمی نەورۆزی سنە، دوای ٣٧ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

فواد عینایەتی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ (پاڕکی نەورۆز) و "فواد عینایەتیـ"ـیان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرابوو.

فواد عینایەتی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، لە لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومیدی"، بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و بە ١٠مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ ساڵی ٩٩، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرابوو.